كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەكلاكردنەوەی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سبەی، یەكشەممە دوا خرا. ئەو كۆبوونەوەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكوەزیران كە بڕیار بوو ئەمڕۆ لە نووسینگەی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەڕێوە بچێت، بۆ سبەی یەكشەممە دوا خرا. سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە: هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەكە بۆ ناكۆكیی لایەنەكان و نەگەیشتنە ڕێوشوێنێكی یەكلاكەرەوە بۆ دیارییكردنی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكوەزیران دەگەڕێتەوە. ئەوە شەشەمین جاریشە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا كۆبوونەوەكە دوا دەخرێت. بە پێی زانیارییەكان، ئەمڕۆ لە جێی كۆبوونەوەی سەركردەكانی سەرجەم لایەنەكان، تەنیا كۆبوونەوەی دووقۆڵی بەشێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەڕێوە دەچێت. هەر چەندە تا ئێستا چەند ناوێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیران خراونەتە بەر باس، بەڵام لە ئێستادا جگە لە نووری مالیكی و محەممەد شیاع سودانی، ناوی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتر، عەدنان زورفی كەسایەتی سیاسی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و باسم بەدری سەرۆكی دەستەی لێپرسینەوە و دادوەری لەسەر مێزی گفتوگۆن. ئەمەو بە پێی دەستووری هەمیشەیی عێراق كە لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمارەوە 15 ڕۆژی بۆ دیارییكردنی پاڵێوراوی پۆستی سەرۆكوەزیران دیاری كردووە، سبەی، یەكشەممە كۆتا ڕۆژی ئەو ماوە دەستوورییەیە.
