وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند، ئەمجارە
قەبارەی ئاگر و بە ئامانجگرتنی ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئێران وێرانکەرتر دەبێت،
دەشڵێت،” نیشانەکان دەریدەخەن کە شاهیدی سیمایەکی تازەی جەنگی جیهانیی سێیەم
دەبین، مەودای شەڕەکە دەوروبەری ئێران و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی دەگرێتەوە “.
ڕێوار ئاودانان، وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەوتارێکدا
ئاماژەی بەوەکردوە،” ئێستا هەموو شتێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی جەنگی
ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران ئامادەیە، جەنگی گەروی هورمز و گەمارۆدانی
دەریایی-ئاسمانیی ئێران، لە ڕاستیدا پێشەکییەک بون بۆ ئەو شەڕە تەواوەتی و چڕەی کە
لە لێواری ڕودانیداین”.
ئەوەشیخستەڕوو،” لە قۆناغی پێشوی پێکدادانەکاندا، نە ئێران توانی
پشکی دەسەڵاتداریی کە لە سیستەمی سیاسی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێکخستنە
ئەمنییەکان و ڕێڕەوە بازرگانی و ئابورییەکانی ناوچەکە دەیەوێت، بەسەر
ئەمریکا-ئیسرائیلدا بسەپێنێت، نە ئەمریکا و ئیسرائیلیش توانیان لە ڕێگەی لێدانی
سەربازی و کوشتنی عەلی خامنەیی و سەرکردەکانی ترەوە رژێمە یاخیەکە بهێننە ژێر بار
یان بە تەواوی لەناوی ببەن “.
وتەبێژی پژاک وتیشی،” تا ئەو کاتەی هەردوو گەروی هورمز و باب
مەندەب لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران و هێزە بریکارەکانیدا بن، ئابوریی جیهانی لاواز
دەبێت و ئەمریکا ناتوانێت بەرنامەی پان-ئەمەریکایی خۆی بە شێوازێکی باش لە
بەرامبەر چیندا پێش بخات و ئاسایشی ئیسرائیل وەکو هەژمونی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
مسۆگەر بکات “.
رێوار ئاودان باسی لەوەشکرد،” ترامپ
بە لابردنی فشار لەسەر ڕوسیا و کەمکردنەوەی پشتیوانییەکانی بۆ ئوکرانیا، لە
ڕاستیدا فشار دەخاتە سەر زلهێزەکانی ئەوروپا (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا) بۆ
ئەوەی لەسەر ڕێگەی بەرنامەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل لە شەڕی دژی ئێران بەربەست دروست
نەکەن، هەم ئێران و هەم ئەمریکا-ئیسرائیل لە قۆناغەکانی پێشوی پێکدادانەکاندا،
هەموو تواناکانی خۆیان نەهێنایە گۆڕەپانەکە، بەڵام ئەمجارە بابەتەکە جیاواز دەبێت
“.
وتەبێژی پژاک هۆشداریش دەدات و دەڵێت،” ناوچەکە
لە ساتەوەختی هەناسەبڕکێدایە، لایەنەکان ئامادەن بۆ ئەوەی لە هەر ساتێکدا، دەرگای
دۆزەخێکی ڕاستەقینە بەڕووی یەکتردا بکەنەوە “.
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
