محمد ڕەمەزان عەلى
ئایا هیچ کارەساتێک لەوە گەورەتر هەیە کە نەتەوەیەک ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار گەنج بخاتە بازاڕی کارەوە، کەچی تەنها شتێک کە بۆیان ئامادە کرابێت، جانتایەکی کۆچ و بەلەمێکی قاچاخچێتی بێت بۆ ئەوروپا ؟ ئەمە چ وڵاتێکە کە گەنجەکانی لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بیر لە ڕاکردن دەکەنەوە و شارەکانی وەک قەڵادزێ و بەغدا بە کۆمەڵ لە نەوەی نوێ خاڵی دەبنەوە ؟ ئایا ئەمەیە ئەو “داهاتووە گەشەی” کە دەیان ساڵە مێشکیان پێ بردووین؟ سەیری ئەم سەرکردە فەنتەڵۆسانە بکەن؛ لەسەر شاشەکان بەوپەڕی بێشەرمییەوە درۆ لەگەڵ گەنجان دەکەن و باسی “پەرەپێدانی تواناکان و وەبەرهێنان” دەکەن ، کەچی لە واقیعدا بودجە و داهاتی وڵاتیان کردووەتە تاپۆی ڕەش بۆ خاڵۆژن و پور و خزمەکانیان
ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەوڵەت نە ماڵی گەلە و نە دامەزراوەی خزمەتگوزارییە، بەڵکو کۆمپانیایەکی خێزانیی پشتاوپشتە. ئەگەر تۆ گەنجێکی ئاسایی بیت و تەنانەت بڕوانامەی ماستەر یان دکتۆراشت هەبێت، دەبێت لەسەر شەقامەکان قۆنداخە تفەنگی هێزە ئەمنییەکان بخۆیت کاتێک داوای دامەزراندن دەکەیت. بەڵام ئەگەر یەکێک بیت لە منداڵە لوسکەکانی بەرپرسان، ئەوا هێشتا لە بێشکەدایت کاتێک پشکی کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پۆستە باڵاکانت بەناو دەکرێت! حوکمی بنەماڵەیی و حیزبی، گەنجی ئێمەی کردووەتە بوونەوەرێکی بێ ئامانج، کە تەنها کاری ئەوەیە لە کافتریاکاندا دانیشێت و بە بێئومێدییەوە سەیری تاڵانکرانی نیشتمانەکەی بکات لەلایەن کۆمەڵێک مافیاوە.
مێژوو پێمان دەڵێت کە هیچ شتێک هێندەی بێهیواکردنی گەنجان مەترسیدار نییە. ماری ئەنتوانێت کاتێک خەڵک نانی نەبوو، بە گاڵتەجاڕییەوە وتی “با کێک بخۆن”، ئەمڕۆش دەسەڵاتدارانی ئێمە کە هەموو کەرتێکی گشتی و تایبەتیان قۆرخ کردووە، بە گەنجی بێکار دەڵێن “بڕۆن لە کەرتی تایبەت کار بکەن” ! دکتاتۆرەکانی وەک چاوشێسکۆ و بن عەلیش وایان دەزانی گەنجان تا هەتایە لە ژووری چاوەڕوانیدا بێدەنگ دەبن، بەڵام نەیانزانی کە بێئومێدی گەورەترین چەکە بۆ ڕووخانیان. وەک چۆن فرانتز فانون، بیرمەندی شۆڕشگێڕ دەڵێت: “هەر نەوەیەک دەبێت لە نێو تەمومژدا ئەرکی خۆی بدۆزێتەوە؛ یان جێبەجێی بکات، یان خیانەتی لێ بکات.” بەڵام ئەی سەرکردە فەنتەڵۆسەکان! ئێوە نەک هەر ڕێگاتان نەدا ئەم نەوەیە ئەرکی خۆی بدۆزێتەوە، بەڵکو تەمومژێکی هێندە قورسیشتان دروست کردووە کە گەنج تەنانەت پێشپێی خۆیشی نابینێت! ئێوە گوتەکەی ڤیکتۆر هۆگۆتان پێچەوانە کردووەتەوە کە دەیگوت “ئەوەی دەرگای قوتابخانەیەک دەکاتەوە، زیندانێک دادەخات”؛ لەم نیشتمانەدا، ئێوە دەرگای زانکۆکانتان کردووەتە دەروازەی بێکاری و زیندانێکی گەورەتان بۆ خەونی خەڵک دروست کردووە.
بۆیە هاوار بکەن! ئەی ئەو گەنجانەی تەمەنتان لەم چاوەڕوانییە کوشندەیەدا دەڕوات و لە پرۆسەی بڕیاردان پەراوێز خراون ، هاوار بکەن بە ڕووی ئەم سیستمە خێزانییە چەپەڵەدا! هاوار بکەن و ئەو مێزە بەسەر منداڵە لوسکەکان و میراتگرە سیاسییەکاندا وەرگێڕن کە داهاتووی ئێوە لەسەر حیسابی نەهامەتییەکانتان بنیات دەنێن. هاوار بکەن بۆ ڕووخانی ئەو پەیکەرە درۆینەیەی ناویان ناوە “حکومەت”، کە لە ڕاستیدا تەنها بانقێکە بۆ پارەدانی خاڵۆژن و پور و بازرگانە حیزبییەکان.
ئەم چاوەڕوانییە بێکۆتاییە نابێت و کۆتایی دێت. نەوەیەک کە هیچ شتێکی نەماوە بۆ لەدەستدان ، ڕۆژێک دێت ئەو بێئامانجییەی خۆی دەکاتە گەورەترین ئامانج بۆ ڕاماڵینی ئێوە. ئەو ڕۆژەش، نە تەختی حوکمی خێزانی و نە پارەی دزراوی نەوت، ناتوانن لە تووڕەیی نەوەیەکی سووتاو رزگارتان بکەن!
