خوێندراوەتەوە: (809)

رامیار یەحیا

کارەبا لە هەرێمی کوردستان بووەتە بار گرانیەکى قورس لەسەر شانی خێزانەکان، نەک بەهۆی زیادبوونی بەکارهێنانەوە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتێک کە نرخەکانی بە نهێنی بەرزدەکاتەوە و ڕوونکردنەوەی شەفافی نادات.

حکومەتی هەرێم پڕۆژەی “ڕووناکی”ی بە ئامانجی دابینکردنی ٢٤ کاتژمێر کارەبا داناوە. بەڵام ئەوەی حکومەت باسی ناکات ئەوەیە، کە ئەم پڕۆژەیە نرخی کارەبای چەند قاتکردەوە! نرخ لە ٧٢ دینار بۆ هەر کیلۆواتژمێر دەستپێدەکات و دەگاتە ٣٥٠ دینار، واتە زیاتر لە ٤ قات زیاتر.

سەیرە کە ئەم بڕیارە گرنگە بۆ هەموو خێزانەکان لە هەرێم، بەڵام حکومەت بە دەنگی زۆرینەی کابینەکە تەنها ئەم نرخانەی پەسەند کردووە، بێ ئەوەی بچێتە بەردەم پەرلەمان، بێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ هاوڵاتیان بکات.

حکومەت دەڵێت ٨٠٪ ی خێزانەکان کەمتر لە پێشتر خەرج دەکەن. بەڵام چۆن دەتوانین باوەڕ بەم ژمارەیە بکەین، کاتێک هیچ ڕوونکردنەوەیەکی شەفاف نییە لەبارەی چۆنیەتی ژمێریاری میتەرەکان و چۆنیەتی هەژماری بەکارهێنان؟ حکومەت بەڵێنی داوە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ یارمەتیدانی خێزانەکان تەرخان بکات ، بەڵام ئایا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ دەکرێن لە کاتێکدا مووچەی فەرمانبەران تەنانەت بە کاتی خۆیان نادرێت؟

حکومەت دەڵێت پڕۆژەی ڕووناکی “پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە” و زیاتر لە ١٢٦٠ مولیدەی دیزڵی داخستووە. بەڵام ئاخر کێ خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەیە کە وێستگەکانی کارەبای نوێیان دروستکردووە؟ کێ کۆنتراتی گەورەکانی ئەم پڕۆژەیەی برد؟ چەند لەو داهاتە گەورانەی کارەبا دەچێتە دەرامەتی گشتی و چەندی دەچێتە گیرفانی کۆمپانیای تایبەت؟

ئەو ڕاستییە تاڵەی ئێستا ئەوەیە، کە کارەبا لە هەرێمی کوردستان چیتر وەک خزمەتگوزارییەکی گشتی نامێنێت، بەڵکو بووەتە کاڵایەکی بازرگانیکراو کە حکومەت نرخەکانی بە یەکلایەنە دیاری دەکات، بێ ئەوەی هیچ رۆڵێک بۆ نوێنەرانی خەڵک لە پەرلەمان هەبێت.

لە کاتێکدا حکومەت بەڵێنی ٢٤ کاتژمێر کارەبا دەدات، خێزانەکان دەخاتە بەر دوو هەڵبژاردە : تاریکی، یان قەرزکردن  بۆ پارەدانی وەسڵی کارەبایەکی گران کە لە توانای داراییان زیاترە!

 ئایا ئەمە ئەو پێشکەوتنەیە کە حکومەت باسی دەکات، یان تەنها شێوازێکی نوێیە بۆ دەستتێوەردان لە گیرفانی هاوڵاتیانی ئاسایی؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 57 Today: 2,768 📊 Click Here