خوێندراوەتەوە: (1)

عەتا ئادەم عەبدوڵا

دیمەنی پەرلەمانێکی پەککەوتوو و هۆڵێکی چۆڵ لە کاتێکدا کە وڵات لەناو قەیرانی قووڵدایە، گەورەترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لای ئێمە دەستوور و یاسا تەنیا مرەکەبی سەر کاغەزن. خەڵک دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان بۆ ئەوەی دامەزراوەیەکی شەرعی دروست بێت، کەچی دوای هەڵبژاردن هەموو شتێک دەوەستێت و چاوەکان دەچنە سەر کۆبوونەوەی ژوورە تاریکەکانی نێوان پارتی و یەکێتی. واقیعی تاڵی ئەمرۆ پێمان دەڵێت کە دانوستانە حیزبییەکان بە تەواوی مانا جێگەی ڕۆڵی دەستووریی پەرلەمانیان گرتووەتەوە.

ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، کە تێیدا حیزب لە دەوڵەت گەورەتر دەبێت، مەترسییەکی کوشندەیە بۆ سەر پاشەڕۆژی وڵات. کاتێک ڕێککەوتنی دوو قۆڵی دەبێتە بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، ئیتر چەمکەکانی وەک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، چاودێریی پەرلەمانی، و سەروەریی یاسا هیچ بەهایەکیان نامێنێت. پەرلەمان کە دەبێت شوێنی یاسادانان و لێپرسینەوە بێت، دەگۆڕێت بۆ فەرمانگەیەکی حیزبی کە تەنیا چاوەڕێ دەکات لە سەرەوە بڕیاری بۆ بێت تا مۆری فەرمی لەو ڕێککەوتنانە بدات کە لە دەرەوەی هۆڵەکەی ئەو واژۆ کراون.

ئەم دۆخە دواى-هەڵبژاردنە پیشانی دەدات کە دەسەڵاتی سیاسی بڕوای بە دامەزراوەی نیشتمانی نییە، بەڵکو تەنیا بڕوای بە پشکپشکێنە و پاراستنی هاوسەنگیی هێزی خۆی هەیە. کاتێک چانسی هێزە سیاسییەکان، مافی کەمینەکان و دەنگی ئۆپۆزسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەماندا دەخنکێنرێت و هەموو شتێک کورت دەکرێتەوە بۆ ڕەزامەندیی دوو مەکتەبی سیاسی، ئیتر باسەکردن لە دیمۆکراسی دەبێتە نوکتەیەکی بێزارکەر. گۆڕینی دامەزراوە دەستوورییەکان بە مێزی دانوستانی حیزبی، نیشتمان لە چەمکی دەوڵەتداری دادەبڕێت و دەیکاتە کۆمپانیایەکی پشکداری کە تەنیا چەند کەسێکی کەم تێیدا بڕیاردەر و سوودمەندن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 121 Today: 2,696 📊 Click Here