حكومەتی عێراق جەخت لە كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی چەك دەكاتەوە و ئاماژە بە كەمبوونەوەی بەرچاوی شەڕە خێڵەكییەكان دەدات. شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، حكومەت بەبێ گەڕانەوە بەردەوامە لە جێبەجێكردنی سیاسەتی سنوورداركردنی چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا و پاشەكشەی لێناكات، فەریق سەعد مەعن، سەرۆكی شانەكە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم پڕۆژەیە بۆ بەهێزكردنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، پاڵپشتی وەبەرهێنانی ئابووری و چەسپاندنی شكۆی دەوڵەتە. بەپێی یاسا، تەنیا دامەزراوە ئەمنییەكان مافی بەكارهێنانی چەكیان هەیە و هەوڵەكان بۆ بنبڕكردنی بازرگانی نایاسایی و تۆماركردنی چەك لە ڕێگەی نووسینگەكانی وەزارەتی ناوخۆوە بەردەوامن. سەعد مەعن ڕوونی كردەوە كە بەپێی دەستوور، دروستكردنی هەر هێزێكی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەكدارەكان قەدەغەیە و سزای توند بۆ سەرپێچیكاران دانراوە. سەبارەت بە “كێشە و تەقەی خێڵەكی”، ئاشكرای كرد كە بەهۆی هەژماركردنی ئەو كارانە وەك تاوانی تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، ئەو جۆرە هێرشانە بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە و لە هەندێك پارێزگادا بە تەواوی نەماون، ئەمەش ژینگەیەكی سەقامگیرتر بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.
