ئەنداز خالید احمد
لە هەموو وەرزێکی هەڵبژاردندا، کۆمەڵگەی کوردستان دەکرێتە مەیدانی نمایشکردنی بێشەرمانەی پەیمان و دروشمی نوێ. بەرپرسان و داڕێژەرانی کابینەکەی مەسرور بارزانی و هاوبەشە سیاسییەکانیان بە بەرگی بریقەدار و فەرهەنگی نوێکراوەی «چاکسازی»، «شەفافیەت»، و «سیستمی نوێی حوکمڕانی»یەوە دێنەوە سەر شاشەکان. بەڵام ئەم شانۆگەرییە درێژخایەنە پرسێکی جەوهەری و حاشاهەڵنەگر دێنێتە ئاراوە: ئایا دەکرێت ئەوانەی ئەندازیاری ڕاستەقینەی ئەم سیستمە ئیفلیج، گەندەڵ و قۆرخکارەن، بە کرداری ببنە ئەندازیاری گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە واقیعی تاڵی بەڕێوەبردندا زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ناتوانرێت چاوەڕوانی داڕشتنەوەی بناغەی ماڵێک لەوانە بکرێت کە سوودی یەکەم لە وێرانییەکەی وەردەگرن. ئەو نوخبە سیاسییەی کە تەواوی هەژموون، سەرمایە و ئیمتیازاتە بنەماڵەیییەکانی لەسەر دابەشکردنی زۆنەکان، تاڵانی داهاتی نەوت و گومرگ و بێهێزکردنی دامەزراوە شەرعییەکان بونیاد ناوە، هەرگیز ڕێگە نادات چاکسازیی ڕاستەقینە سەربگرێت؛ چونکە چاکسازیی ڕاستەقینە واتە لێپرسینەوە لەوان، بنبڕکردنی کۆمپانیا سێبەرەکانیان و کۆتاییهێنان بە حوکمی تاپۆکراو. هەربۆیە «چاکسازی» لای ئەوان تەنها کارتێکی ڕاگەیاندنییە بۆ داپۆشینی فەشەلەکان و درێژکردنەوەی تەمەنی هەمان مۆدێلی حوکمڕانی.
کۆتایی ئەم ناڕاستییە بێپسانەوەیە، حەقیقەتێکی زۆر تاڵمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە کە چیتر بە هیچ دروشمێک پەردەپۆش ناکرێت: لەم نیشتمانە داڕزاوەدا، ئەوانەی ژەهرەکەیان دەرخواردی کۆمەڵگە داوە، هەرگیز ناتوانن ببنە هەڵگری دەرمانەکە؛ ئەندازیارانی ئەم سیستمە پەککەوتووە تەنها خەریکی پاراستنی قەڵاکەی خۆیانن، نەەک تێکدانی.
