پهیام
هێزێکی گەورەی ئەمنی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا چووە سەر خێمەی خۆپیشاندەرانی پێنجوێن و بە دەستگیرکردنی دەیان خۆپیشاندەر کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێنا. یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن بە پەرەگرافی ڕاگەیاند “کاتژمێر ٠٣:٤٠ خولەکی شەو هێزێکی گەورەی ئاسایش کە ٣٠ ئۆتۆمبێل دەبوون، هەڵی کوتایە سەر خێمەکەمان کە نزیکەی ٢٠٠ کەسی لێ بوو”. ئەو نوێنەرەی خۆپیشاندەران وتیشی “زیاتر لە ٥٠ خۆپیشاندەر دەستگیر کران و دەست بەسەر خێمە و پێداویستییەکانماندا گیراوە”.
ماوەی دوو ڕۆژ بوو بەشێک لە دانیشتووانی قەزای پێنجوێن بۆ داواکردنی خزمەتگوزاری و بەتایبەتیش ڕەت کردنەوەی نرخی گرانی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی، ڕێگای سەرەکیی تانکەرەکانی نەوت و سووتەمەنییان بەرەو دەروازەی سنووری باشماخ داخستبوو. هاووڵاتیانی پێنجوێن دەڵێن، بەهۆی جیاوازیی کەشوهەوای ناوچەکە کە زستانێکی زۆر ساردی هەیە، پێویستیان بەوەیە کارەبا وەکوو گەرمکەرەوە و بۆ گەرمکردنی بەردەوامی ئاویش بەکار بهێنین، بەم نرخەی ئێستای کارەبای پرۆژەی ڕووناکی، مانگانە پارەیەکی زۆریان بۆ دێتەوە. لە کاتێکدا حکومەت نەوتی سپیشیان بۆ دابین ناکات. ڕێکخەرەکەی خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن داوای ئازادکردنی هاوڕێکانی کرد و جەختیشی کردەوە کە “لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەردەوام دەبین”.
