خوێندراوەتەوە: (825)

ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە و وەزارەتی بەرگریی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت، دوای ۳۰ی ئەیلوول هیچ ئەندام و سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا نامێنێت. بەپێی ڕێکەوتنی واژووکراوی نێوان ئەمریکا و عێراق، ئەمڕۆ بە تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دەکشێنەوە و لەو بارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت، دوای ۳۰ی ئەیلوول هیچ ئەندام و سەربازێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقدا نامێنێت و عێراقییەکان خۆیان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خاکی خۆیان ئازاد کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان لە قۆناغی گەشەسەندندایە و دووپاتی کردەوە هیچ کەسێک لە سەرووی دەسەڵاتی یاساوە نییە. لیوا یەحیا رەسووڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق زەبرێکی کوشندەیان لە تیرۆر و گەندەڵی داوە، لە هەمان کاتدا دەزگا ئەمنییەکان بەرەوپێشچوونی گەورەیان بەخۆوە بینیوە لە کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکەدا. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لیوا ڕەسوڵ ئاماژەی بەوە دا کە سنوورەکانی عێراق بە ئامێر و کەلوپەلی پێشکەوتوو قایم کراون. جەختیشی کردەوە کە عێراق خاوەنی فڕۆکەی جەنگیی ئەمریکی، فەرەنسی، کۆری و چیکییە، و هەموو هێرشە ئاسمانییەکان لەلایەن فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێن. سەبارەت بە بنکەی ڤیکتۆریا، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری دووپاتی کردەوە سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی ئاسمان و خاکی وڵات لە ڕێگەی پایەگای ڤیکتۆریاوە دەگرێتە ئەستۆ، و ڕایگەیاند لە ئێستادا هیچ فڕۆکەیەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو بنکەیەدا نییە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 47 Today: 2,723 📊 Click Here