بڕیارێك دەیان فەرمانبەر لە شارۆچكەی ئەڵڵایی لە وەرگرتنی زەوی بێ بەش دەكات و ئەو فەرمانبەرانە گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا. بەشێك لە فەرمانبەرانی شارۆچكەی ئەڵڵایی سەر بە قەزای بازیان بە مەبەستی نیشاندانی ناڕەزایەتی دژی بڕیارێكی حكومەت لەمەڕ ئەو زەوییانەی پێشتر كڕیویانە و دواتر لە لایەن حكومەتەوە بە سوودمەند هەژمار كراون، لە بەردەم شارەوانی شارۆچكەكە گرد بوونەوە. بەوتەی ئەو فەرمانبەرانە دەیان كەس دەبن و بەپێی ئەو بڕیارە و بەم شێوەیە لە وەرگرتنی زەوی لە لایەن حكومەتەوە بێ بەش دەبن. لای خۆیەوە سەرۆكی شارەوانی ئەڵڵایی دەڵێت: بڕیارەكە دوای دوو ساڵ لە فرۆشتنی زەوییەكان هاتووە و دوای بەدواداچوون بۆ كێشەی زەوییەكان وەزارەتی شارەوانی پێداگر بووە لەوەی ئەو فەرمانبەرانە وەكو سوودمەند هەژماركراون و بڕیارێكی نەگۆڕە.
