پەیام
ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا ڕایگەیاند: بەهۆی جەنگی سەر غەززەوە، وێنە و متمانە و پێگەى ئیسرائیل لە ناوچەكە و تەنانەت لای ڕایگشتیی جیهانییش بەرە و لەنێوچوونی تەواوەتی دەچێت.
وتیشى “دوو ساڵە ژمارەی چەكدارانی حەماس كەمی نەكردووە و ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل لە غەززە شكستی هێناوە”.
لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی 12ی ئیسرائیلی، سەرۆكی فەڕەنسا جەختى لەوە کردەوە، بەهۆى بەردەوامى جەنگى سەر غەززەوە پێگەى ئیسرائیل لە ناوچەکە و جیهانیش بەرە و لەنێوچوون دەچێت، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیشیان شكستیان هێناوە و ژمارەی سەربازانی حەماس کەمینەکردووە.
لەبارەی كەناری خۆراوای داگیركراویشەوە ڕایگەیاند: پێم وایە داگیركردنی خاكی كەناری خۆراوا ستەم و نابەرپرسیارێتییە چونكە ئەو ناوچەیە هیچ پەیوەندییەكی بە حەماسەوە نییە.
سەرۆكی فەرەنسا جەختی لەوەش كردەوە، داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین باشترین ڕێگەیە بۆ دابڕینی حەماس. ئەو دەڵێت: ڕەنگە پێویست بووایە پێش حەوتی ئۆكتۆبەر دەوڵەتی فەڵەستین دروست بكرانایە، ڕەنگە ئەمە دوایین ساتیش بێت كە ئەگەر چارەسەری دوو دەوڵەتی جێبەجێ نەكرێت ئیدی ئەو بژاردەیە ببێتە مەحاڵ.
