ڕۆژنامەیەكی عەرەبی ئەوەی ئاشكراكردوە، حكومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت گەرەنتی یاسایی و داراییان داوەتە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم تا بتوانن هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەستپێبكەنەوە.
ڕۆژنامەی العربی الجدید لەڕاپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، دوای زیاتر لەدوو ساڵ لەوەستانی هەناردەکردن لەڕێگەی هێڵی کەرکوک – جیهانەوە، بەغدا نزیک بوەتەوە لەدەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهانی تورکیا، دوای لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەکان كە گەرەنتی یاسایی و دارایی بەكۆمپانیا نەوتیەكانی هەرێم دراوە.
ڕۆژنامەی العربی الجدید، دەشلێت،” قەیرانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە کە لە مانگی (ئازار/3)ـی 2023ـەوە وەستاوە، یەکێکە لەدیارترین دۆسیەکانی ناکۆکی لەنێوان بەغدا و هەولێر، کە بە گشتی پەیوەندی بەناکۆکییەکەوە هەیە لەسەر سەروەری دەوڵەتی عێراق و بەڕێوەبردنی دۆسییە نەوتییەکان لەکێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەوانەش هەناردەکردن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەردولا چەندین گەڕی گفتوگۆیان لەم چوارچێوەیەدا ئەنجامداوە کە بەڕێککەوتنێک کۆتایی هاتوە کە هەرێمی کوردستان نەوت ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکات بۆ هەناردەکردن و فرۆشتنی بەبێ دەستتێوەردانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، هەرێمی کوردستان تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نزیکەی 233 هەزار بەرمیلە، نزیکەی 230 هەزار بەرمیل ڕۆژانە ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) دەکات، بەمەرجێک نزیکەی 50 هەزار بەرمیل بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی وێستگە کارەباییەکان و بەرهەمە نەوتییەکان بهێڵێتەوە، ئەوەش بەگوێرەی ڕێككەوتنێكی نوێی نێوانیان.
لایخۆیەوە سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لەپەرلەمانی عێراق بەڕۆژنامەكەی ڕایگەیاندوە، ڕێوشوێنەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەهەرێمی کوردستانەوە لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیاوە بەردەوامن و نزیکن، ڕێککەوتنێکی سیاسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن لە زوترین کاتدا.
سەباح سوبحی ئەوەشی بەڕۆژنامەیی العربی الجدید ڕاگەیاندوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زۆر نزیکە، لەهەنگاوێکدا کە گرێی دوو ساڵ و نیو لەنێوان بەغدا و هەولێر کۆتایی پێدەهێنێت و ئەوەش گەورەترین ئاستەنگ بو ولەبەردەم ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
دەشڵێت، حکومەت نەرمییەکی ڕونی لەجێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان نیشانداوە لەڕێگەی پێشکەشکردنی گەرەنتی یاسایی و دارایی پێویست بۆ پاراستنی مافەکانیان، ئەوەش ڕێژەی تێگەیشتنەکانی بەرزکردوەتەوە بۆ زیاتر لە 90%.
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
