خوێندراوەتەوە: (4.5K)

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای دژە تیرۆری عێراق رێککەوتنێکیان بۆ “رێگری لە گەڕانەوەی تووندڕەوی” واژۆ کرد، کە تایبەتە بە گەڕانەوەی خێزانەکانی کەسوکاری داعش بۆ ناوچەکانیان.

رێککەوتنەکە ئەمڕۆ هەینی 12ی تەممووزی 2025 لەنێوان نوێنەرانی هەردوولادا واژۆ کرا.

عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، کە بەشداریی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا کرد،  گوت، “ئامانج لەم رێککەوتنە، سوودوەرگرتنە لە ئەزموون و تواناکانی دەزگای دژە تیرۆر، کە تایبەتن بە بنبڕکردنی هزری تووندڕەوی، شیاوکردنەوە و رەخساندنی دەرفەتی تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگە بۆ ئەو خێزانانەی چەکدارانی داعش، کە لە کەمپەکانى شیاندنەوە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.”

کەسوکاری چەکدارانی داعش، کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، دەبرێنە کەمپی جەدعە لە موسڵ، کە وەکو ناوەندێکی شیاندنەوەیە و بە کەمپى ئەمەل ناسراوە. ئەو کەسانە دوای بینینی چەندین خوول و شیاندنەوەیان، دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.

عەلی جەهانگیر رایگەیاند، ئامانج لە رێککەوتنەکە “رێگرییە لە گەڕانەوەی تووندڕەوی” لەنێو ئەو خێزانانەدا کە لە کەمپی هۆل دەگەڕێندرێنەوە.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای دژە تیرۆری عێراق، زانیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن و هاوئاهەنگی دەکەن لەو پارێزگایانەی کە پێشتر شەڕ و ئاڵۆزییان تێدا بووە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تائێستا زیاتر لە 16 هەزار هاووڵاتیی عێراقی، کە هەندێکیان کەسوکاری چەکدارانی داعش بوون، لە کەمپی هۆلەوە گەڕێنراونەتەوە و زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی دیکە ماون بگەڕێندرێنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 119 Today: 1,088 📊 Click Here