خوێندراوەتەوە: (999)

فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات دەڵێت، بەمزووانە سەردانی دیمەشق دەكەن بۆ تاووتوێكردنی پرسی یەكخستنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا. مەزڵوم عەبدی لەمیانی ئاهەنگی 10مین ساڵیادی دامەزراندنی هەسەدە وتی: لیژنە سەربازییەكەمان بەمنزیكانە سەردانی دیمەشق دەكەن و پرسی یەكخستنی هێزەكانی سووریای دیموكرات لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەكەن. ناوبراو باسی لەوەش كرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەن و هێزەكان، لە شەڕی دژی داعش لە سەرانسەری سووریادا بەردەوام دەبن. وتیشی: ئێمە پابەندبوونمان بۆ بەرگریكردن لە گەلەكەمان و خاكەكەمان، هەروەها بۆ دامەزراندنی بەهاكانی دادپەروەری و بەشداریكردن و فرەچەشنی نوێ دەكەینەوە، كە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو سوورییەكانە بۆ سوریایەكی یەكگرتوو و سەقامگیر. مەزڵوم عەبدی باس لەوەش دەكات “لەكاتێكدا كە هێزێكی زۆر بەرەو شەڕی ناوخۆ دەڕۆیشتن، هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕێگایەكی جیاوازیان هەڵبژارد، ئەویش بەرگریكردن لە نیشتمان و گەلەكەی بوو”. پێشتر و لەدوای ڕێككەوتنی 10ـی ئادار، دیمەشق و ئیدارەی خۆسەر لیژنەی هاوبەشیان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە پێك هێنابوو، كە گرنگترینیان “یەكخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكان” و “داننان بە مافەكانی كورد لە دەستووردا” بوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 113 Today: 390 📊 Click Here