ئەحمەد قارەمان سیمکۆ
لە هەر وڵاتێکی دنیا کە یاسا سەروەر نەبوو ، دامەزراوە بوونی نەبوو، بە عەقڵییەتی خێڵەکی و عەشیرەتگەرایی حکومداری کرا، چارەنووسەکەی رۆژ بە رۆژ بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت.
دۆخی کوردستانیش لە ئێستادا بەو جۆرەیە! رۆژ بە رۆژ و سات لە دوای سات ئەو قەوارەیە لاواز دەبێت و بەرەو لەناوچوون دەچێت کە خوێنی هەزاران کەسی لەپێناودا رژاوە! ئەویش لە سایەی حکومداریی پارتی و یەکێتییەوە کە تا ئێستا حکومدارییەکەیان لە حکومدارییەکی خێڵەکی زیاتر نییە!
ئەم دوو حزبە لە دروستبوونیانەوە چونکە لەسەر بنەمای بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەتگەرایی دروستبوون، تا ئێستاش بەو شێوە حکومڕانی دەکەن. ئەوەتا هەر یەکەیان چەند سەرۆک عەشیرەتێکی لە خۆ گرتووە و بە هەموو جۆرێک پاڵپشتیان دەکەن بۆ نموونە پارتی عەشیرەتەکانی سورچی و خۆشناو و بەشێکی هەرکییەکان، یەکێتیش بەشێکی زێباری و برادۆستییەکان و بەشەکەی دیکەی هەرکییەکان، ئەویش لەبەر چاوی کاڵیان نا! بەڵکوو لەبەر ئەوەی لەو کاتەی پێویستیان پێیان بوو، وەک مقاشێک بەکاریان بهێنن و کارە گڵاو و نەگریسەکانی خۆیانیان پێ جێبەجێ بکەن.
ئەوەتا لە چەند رۆژی رابردوودا، یەکێتی لە رێگەی جەوهەر ئاغای هەرکییەوە کە سەرۆک عەشیرەتی بەشێکی هەرکییەکانە، چەند کەسێکیان بە چەکەوە ناردووەتە ناو خۆپیشانداکەی دانیشتوانی گوندئ لاجان و رایانسپاردوون تەقە بکەن! بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دۆخەکە بقڵیشێتەوە! ئامانجەکەشیان پێکا! کەسێکیان بە کوشت دا و دەیانی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش هەمووی لەپێناو چی ؟ فۆکەس لەسەر یەکێتی نەمێنێت، چونکە تۆمەتبار دەکرا بەوەی لەپشت پلانی هێرشکردنە سەر کۆرمۆر و بڕینی کارەبای تەواوی کوردستان بێت!
بۆیە هەتا پارتی و یەکێتی حکومی ئەم هەرێمە بکەن، با هاوڵاتیان باش بزانن، رۆژ لە دوای رۆژ دۆخیان خراپتر و خراپتر دەبێت! چونکە نەبوونی دامەزراوە و سیستم و ئەو عەقڵیەتە لە حکومداری، بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر قەوارەی هەرێم و تا لێواری هەڵوەشانەوەی دەبات!
