خوێندراوەتەوە: (9.2K)

محمد عوزێر احمد

گەندەڵی لە فراوانترین پێناسەیدا بریتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و سەروەت و پێگەی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی، جا ئەو بەرژەوەندیە تایبەتییە دەکرێ هی کەسێک، گروپێک، حزبێک، خێزانێک یان ناوچەیەک بێ. ئەمە ئەو پێناسە گشتیەیە کە زۆرترین لێکۆڵەر و دەزگای نێودەوڵەتی گرنگی وەکو بانکی نێودەوڵەتی و رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتیش پەسندی دەکەن.

بە گشتی گەندەڵی دابەشکراوە بۆ دوو جۆر:گەندەڵی بچووک و گەندەڵی سیاسی یان گەورە.

ئەوەی یەکەم ئەو جۆرەی گەندەڵیە کە کارمەندە کەمدەسەڵاتەکانی دەوڵەت ئەنجامی دەدەن بۆ نمونە وەرگرتنی بەرتیل لە بەرامبەر پێدانی پاسپۆرت، مۆڵەتی شوفێری، سڕینەوەی سزای هاتوچۆ، یان بەڕێکردنی هەر کاروبارێکی دەوڵەتی لە لایەن کارمەندێکەوە بۆ کەسێک لە بەرامبەر وەرگرتنی پاداشتێکی دارایی یان هەر جۆرە پاداشتێکی دیکە.

جۆری دووەم کە گەندەڵی سیاسیە مانای سوود وەرگرتنی کارمەندە پلە باڵاکانی دەوڵەتە لە پۆست و پێگەی رەسمیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان، حزبەکانیان، کەسوکاریان و ئەو کەسانەش کە خۆیان دەیانەوێ. بۆ نمونە بەرپرسێکی باڵای دەوڵەت پێگەی خۆی بەکاردەهێنێ بۆ دامەزراندنی کەسە نزیکەکانی خۆی، تەرخانکردنی داهات و سامانی گشتی بۆ پڕۆژەی تایبەتی خۆی یان هی حزب و کەسە نزیکەکانی خۆی و، شێوەی دیکەی لەم جۆرە دەچێتە خانەی گەندەڵی سیاسی. لێکۆڵینەوەی زۆر نەکراوە دەربارەی پەیوەندی نێوان دوو جۆرەکەی سەرەوەی گەندەڵی و ئاخۆ کامیان دەبێتە هۆکاری هاتنە کایەوەی ئەوەی دیکە.

ئێمە لە کوردستان قسەی زۆر و کرداری کەممان لە شەڕی پێویستی دژە گەندەڵیدا کردووە، هەوڵی زۆر دراوە کە گەندەڵی وەکو کولتور و قەدەر وێنا بکرێ، ئەمەش تەنیا بۆ خۆ دزینەوە و بیانوو دۆزینەوە بۆ پەرەپێدان و بەردەوامی دان بە گەندەڵی. دەنا هیچ راستیەکی زانستی نیە بیسەلمێنێ کە گەندەڵی کولتورە و قەدەری هەندێ میللەت و وڵات وایە. ئەوە راستە کە زۆر وڵات بە رێژەی جیاواز دووچاری ئەو پەتایە بوون و دەبن، بەڵام ڕێگەی بەرەنگاربوونەوە و مامەڵە کردن لە گەڵ ئەو هۆکارانەی دەرفەتەکان بۆ گەندەڵی فراوان دەکەن، ئایندەی ئەو وڵاتانەی دەست نیشان کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 49 Today: 86 📊 Click Here