دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیرکردنی تۆڕێکی نێودەوڵەتی تایبەت بە بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەری لە ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
دەزگاکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانیان پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر لە پارێزگاکانی بەسرە، بەغدا، نەجەف و دیوانییە ئەنجامداوە.
ڕاشیگەیاندووە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٧ کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر دەستگیرکراون، کە ١٤یان ھەڵگری ڕەگەزنامەی بیانیین.
باسی لەوەش کردووە لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە لە پارێزگای بەسرە ئەنجامدراوە، دەست بەسەر کارگەریەکی نھێنی دروستکردنی ماددەی ھۆشبەری کریستاڵدا گیراوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ٢٠ کیلۆگرام ماددەی ھۆشبەری کریستاڵدا گیراوە.
