دیار ڕزگار قادر
بە هۆی بڕینی بودجە و كەمبوونی خزمەتگوزارییەوە، نەخۆشخانە حكومییەكان سیستەماتیکیانە و بەدەست ئەنقەست بەرەو پوكانەوە دەچن، ئەو بۆشاییەش بووەتە هۆی هەڵتۆقینی نەخۆشخانە ئەهلییەكان و جگە لە بارگرانی دارایی، مەترسی قۆستنەوەی دۆخی نەخۆشانی لێ كەوتووەتەوە، حکومەتیش وەک سەرچاوەیەک بۆ دەستکەوتنی داهات دەڕوانێتە نەخۆشخانەکان.
كەرتی تەندروستی یەكێكە لە هەرە كەرتە هەستیارەكان لە هەموو وڵاتێكدا، لەبەر ئەوەی ئەم كەرتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، تا ئێستا لەوڵاتە پێشكەوتوەکانی جیهان، ڕێگایان نەداوە ئەو كەرتە بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی نەبێتە ناوەندێكی بارزگانی تەنها لە پێناوی پارەدا، ئەگەر كەرتی تەندروستی بكەوێتە دەستی كەرتی تایبەت ئەوكات خەڵكی هەژار و كەم دەرامەت ناتوانن بە باشی چارەسەری خۆیان بكەن و دواجار جیاوازی چینایەتی دروست دەبێت و كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر كۆمەڵگا.
لەئێستادا دۆخی تەندروستی لەکەرتی گشتی و نەخۆشخانە حکومیەکاندا لەبارودۆخێکی ئێجگار خراپدایە، خزمەتگوزاریەکان لەئاستێکی نزمدان و نەخۆشخانەکان بونەتە تابلۆیەکی بێ ناوەرۆک، جگە لە چارەسەری سەرەتایی تیماری دەردی هیچ نەخۆشێک ناکەن، نەدەرمان هەیە نە پشکنین و پزیشکی پسپۆر، ڕۆژ بەڕۆژ ئەم کەرتە بەرەو نەمان و وێران بوون دەچێت.
پزیشكێك ئاشكرای دەكات، كە نەخۆشانی گورچیلە لە “هەڵەبجە” لە قەیراندان و داوا لە خێرخوازان دەكات، بۆ “ئەم مانگە ” فریای نەخۆشانی گورچیلە بكەون و پارە دابین بكەن بۆ كڕینی دەرمان بۆیان، من دەپرسم ئایا کەرتێکی ئاوا گرنگ بە سواڵ و ساقە دەڕوات بەڕێوە
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕایگەیاند کە لەبەر نوێ نەكردنەوەی پێشینەی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەندروستی هەڵەبجە هیچ جۆرە پارەیەكی بەردەست نیە بۆ كڕینی دەرمانی سێڵسێپت بۆ نەخۆشانی گورچیلە، دەشڵێت، سێڵسێپت حەبێكی رۆژانەیە ئەو نەخۆشانەی گورچیلەیان چاندووە ئەگەر ئەو حەبە نەخۆن بۆجاری دووەم لە ژیانیاندا گورچیلەیان لە دەست دەدەنەوە.
ئەم پزیشکە داوا لە خێرخوازان دەكات تەنها ئەم مانگە فریای نەخۆشانی گورچیلە بكەون لە هەڵەبجە و بە بڕی ٨ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار برێك لەو حەبە بۆ نەخۆشانی گورچیلە دابین بکەین، وای لێهاتووە بە سەدەقە و سواڵ نەخۆشخانەکان بەڕێوەدەبرێن، لەولاشەوە حکومەت چاوی نوقاندوەو چاوی لەوەیە لەپێناو بازرگاکانان و پزیشکاندا نەخۆشخانە حکومیەکان بکات بەکەرتی تایبەتی بازرگانی .
گرنگی نەدانی حكومەت بە كارمەندانی بواری تەندروستی و دابین نەكردنی ژیان و گوزرانیان، هێواش هێواش ئەم كەرتەی لە بواری خزمەت گوزاریەوە برد بۆ بواری بازرگانی و لایەنە مرۆڤایەتیەكەی لەدەستداوە، لە ڕابوردودا هاوڵاتیان وەكو فریشتە سەیری پزیشكیان دەكرد، بەڵام ئێستا خەڵك ڕقیان لەپزیشك دەبێـتەوە و دەڵێن ئێستا پزیشكەكان بونە بازرگان و گیرفانمان بەتاڵ دەكەنەوە.
حكومەت نابێ ڕێگا بدات ئەو كەرتە لەژێر كۆنترۆڵ دەرچێت و ببێتە بوارێكی بازرگانی لە ڕێگای ئەوەی ژیانی پزیشكان و كارمەندانی بواری پزیشكی پێ باش بكات، بە جۆرێك كە پێویستیان بەوهەموو هەڵپە هەڵاپە نەبێت بەدوای پارەی زۆردا بگەڕێن، حکومەت دەتوانێت لەڕێگەی گرنگیدان بەکەرتی گشتی تەندروستی سوود لە ئەزموون و توانای پزیشکان ببینێت و ژیان و گوزەرانیشیان باشتر بکات لەبری ئەوەی ببنە بازرگان و بەگیانی نەخۆشان دەوڵەمەند ببن.
بەڵام مەخابن حوکومەتە دزەکەی هەرێم بە سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی و گۆڕان و ئۆپۆسیزیۆنی ساختە هەر جارە و لە کایەیەکی ژیانوە هەوڵی پاکتاوی کورد و دەربەدەرکردنیان ئەدەن .
