خوێندراوەتەوە: (11.4K)

ئەنداز خالید احمد

مووچە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا لە مێژە لە “مافێکی دارایی بۆ بەرامبەر ماندووبوون”ەوە گۆڕدراوە بۆ یەکێک لە مەترسیدارترین چەکەکانی “کۆنترۆڵی سیاسی”. کاتێک حکومەت مووچە دوادەخات، لێی دەبڕێت، یان بە میکانیزمی قۆرخکاریی وەک پرۆژە حیزبییەکان (وەک “هەژماری من” و هاوشێوەکانی) دەستی بەسەردا دەگرێت، ئەوە تەنها قەیرانێکی ئابووری یان هەڵەیەکی کارگێڕی نییە؛ بەڵکو ستراتیژیەتێکی وردە بۆ بێدەنگکردنی کۆمەڵگا و دروستکردنی هاوڵاتییەکی ترسنۆک و گوێڕایەڵ!

کاتێک فەرمانبەرێک، مامۆستایەک، یان پزیشکێک بۆ دابینکردنی نانی ڕۆژانەی منداڵەکانی یان کرێی خانوو ناچار دەبێت مانگانە بپاڕێتەوە و لە ڕیزە درێژەکانی ئەی تی ئێم (ATM)دا بێڕێزیی پێ بکرێت، ئیتر کاتی ئەوەی نامێنێت بیر لە گەندەڵی، ئازادیی ڕادەربڕین، یان لێپرسینەوەی سیاسی بکاتەوە. ئامانجی دەسەڵاتداران (بەغدا بە بڕینی بودجە و هەرێم بە قۆرخکاریی ناوخۆیی) ئەوەیە کە بچووکترین خەونی هاوڵاتی بکەن بە “وەرگرتنی مووچە”، بۆ ئەوەی بیر لە شتی گەورەتر نەکاتەوە. تۆ ئەگەر نەتوانیت بژێویی خێزانەکەت دابین بکەیت، چۆن دەتوانیت بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ یان پرسی کەرکوک بکەیت؟ بەم جۆرە، برسیکردن دەبێتە ئامرازێکی سیاسیی کاریگەر بۆ کڕینی بێدەنگیی میللەت.

لەم هاوکێشەدا، هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی) سوودمەندی یەکەم و کۆتایین. ئەوان بە بەکارهێنانی ئەم گوشارە ئابوورییە، دەنگە ناڕازییەکان لاواز دەکەن، مانگرتنەکان دەشکێنن، و وەلائی حیزبی بە پارەی گشتی دەکڕن. هەرکەسێک ناڕازی بێت یان ڕەخنە بگرێت، یەکەم هەڕەشە کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە “بڕینی مووچە یان دەرکردنە لە کار”. بەمەش دامودەزگا حکومییەکان لەبری ئەوەی ببنە خزمەتکاری گەل، بوونەتە کۆمپانیایەکی حیزبی کە تێیدا فەرمانبەران تەنها دوو هەڵبژاردەیان هەیە: یان ملکەچبوون بۆ حیزب، یان برسێتی! پێموایە کە : “کاتێک خەڵک دەخەیتە ناو قەیرانی بەردەوامی مانەوە و بژێوییەوە، ئەوان چیتر بیر لە ئازادی ناکەنەوە، بەڵکو تەنها بیر لە نان دەکەنەوە.” ئەمەیە ڕێک ئەو ئەجێندایەی کە دەسەڵات لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێی دەکات؛ گەمارۆدانی بیرکردنەوەی خەڵک لە ناو قوتوویەکی بچووکی ئابووریدا کە پێی دەوترێت “نیو مووچە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 87 Today: 1,339 📊 Click Here