پارێزگاری ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند: لەم جەنگەدا نزیكەی 100 ئامانجی جیاجیا لە سنووری پارێزگاكە بۆردومان كراون، بەو هۆیەوە دەیان كەس كوژراون. ئەحمەد كەرەمی، پارێزگاری ئیلام كە پارێزگایەكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ڕاشیگەیاند: پارێزگای ئیلام ڕووبەڕووی زنجیرەیەك بۆردومانی ئەمریكا و ئیسڕائیل بووەتەوە و لەو میانەیەشدا هێرشی ئاسمانی كراوەتە سەر 93 ئامانجی جیاجیا و زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێ كەوتووەتەوە. وتیشی: بۆردومانەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل زیانی بە 61 شوێن لە پارێزگای ئیلام گەیاندووە، بەو هۆیەشەوە 60 كەس كوژراون لە سەرباز و كارمەندانی ئەمنی و پاسەوانی سنوور و هاووڵاتیانی مەدەنی. پارێزگاری ئیلام باسی لەوەش كرد كە بۆردومانەكان ناوچەكانی نیشتەجێبوونی گرتووەتەوە، لەنێو قوربانیەكانیشدا منداڵێكی تەمەن شەش مانگ و كەسایەتییەكی ئەكادیمی دیاریش هەیە. لای خۆیەوە، پارێزگاری پارێزگای كوردستان (سنە)ش، ڕایگەیاند: لە هێرشەكاندا 44 یەكەی نیشتەجێبوون و بازرگانی خاپوور بوون.
