خوێندراوەتەوە: (301)

مەبەست ساڵح ڕەوف

هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بووەتە شانۆی گەورەترین گاڵتەجاڕی بە ناوی “دیموکراسی”یەوە. خەڵک دەپرسن: کەی پەرلەمان دەرگاکانی دەکاتەوە؟ کەی مەسرور بارزانی دەستبەرداری ئەو کابینەیە دەبێت کە تەمەنە یاسایی و سیاسییەکەی لەمێژە بەسەرچووە؟ وەڵامەکە لای خەڵک نییە، بەڵکو لە گیرفانی پارتی و یەکێتیدایە، ئەو دوو حیزبەی کە نیشتمانیان کردووەتە موڵکی تایبەتی بنەماڵەکانیان و دامەزراوەکانی دەوڵەتیشیان کردووەتە بارمتەی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان.

دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لەبری ئەوەی پەرلەمان ببێتە دەنگی گەل و چاودێر بەسەر دەسەڵاتەوە، دەرگاکانی داخرا و خرایە دۆخی سڕبوونەوە. بۆچی؟ چونکە پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان (لە سەرۆک کۆمارەوە تا دەگاتە وەزارەتەکان) و پشکی کۆمپانیاکانیان ڕێکنەکەوتوون. ئەمە ئەو “دیموکراسییە”یە کە شانازیی پێوە دەکەن: ئەگەر لەسەر کێکی داهات ڕێکبکەون، پەرلەمان دەکەنەوە؛ ئەگەر ڕێکنەکەون، قفڵ لە دامەزراوەی یاسادانان دەدەن و ژیانی ملیۆنان کەس پەکدەخەن! لەم نێوەندەشدا، کابینەی مەسرور بارزانی—کە بە “کابینەی بەسەرچوو” یان کاربەڕێکەر ناسراوە—بەردەوامە لە دەرکردنی بڕیاری ستراتیژی، سەپاندنی باج، و بەتاڵکردنی گیرفانی هاوڵاتییان لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەک “هەژماری من” و “ڕووناکی”یەوە، بەبێ ئەوەی هیچ پەرلەمانێک هەبێت لێپرسینەوەی لێ بکات یان ڕایگرێت.

باشە کام یاسای دیموکراسی لە جیهاندا ڕێگە بە سەرۆک وەزیرانێک دەدات کە دوای کۆتاییهاتنی تەمەنی یاسایی حکومەتەکەی و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ، هێشتا وەک دەسەڵاتداری ڕەها بڕیار بدات؟ ئاخر ئەگەر پەرلەمان نەتوانێت حکومەتێک پێکبهێنێت، ئیتر چ پاساوێک هەیە بۆ بوونی ئەو هەموو پەرلەمانتارەی کە مانگانە مووچەی خەیاڵی لە پارەی خەڵک وەردەگرن بێ ئەوەی یەک یاسا دەربکەن ؟ یەکێتیش لەبری ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە بێت، خۆی بەشێکە لەم یارییە؛ ئەوان دەرگای پەرلەمانیان وەک کارتێکی فشار بەکارهێناوە بۆ ئەوەی پارتی ناچار بکەن لە بەغدا و هەولێر سازشیان بۆ بکات. واتە هەردووکیان شەریکن لەم کودەتا سپییەی سەر دیموکراسی.

پێموایە کە “کەسانێک کە بەردەوام دەسەڵات قۆرخ دەکەن و ئامادە نین دەستاودەستی پێ بکەن، لە کۆتاییدا وڵاتەکەیان بەرەو وێرانبوونێکی حەتمی دەبەن.” مەسرور بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی، بە داخستنی پەرلەمان و هێشتنەوەی ئەم کابینە فاشیلە، ڕێک کوردستان بەرەو ئەو وێرانبوونە دەبەن.!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 2,744 📊 Click Here