سبەینێ خۆپیشاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەمەبەستى ئیدانەكردنی دەستدرێژییەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەكە بەڕێوەدەچێت. سبەینێ شەممە 4ى 4ى 2026 خۆپیشاندانی لایەنگرانی ڕەوتی سەدر بەڕێوە دەچێت و نوسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر شوێنی خۆپیشاندانەكانی دیاریكرد كە لە 12 پارێزگا بەڕێوەدەچێت جگە لە نەجەف. خۆپیشاندانەكە بەناوی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی عێراق بۆ سەركۆنەكردنی هێرشی دوژمنكارانەی ئەمریكا و ئیسرائیل و داواكاری هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەكە ئەنجام دەدرێت و چەندین ڕێنمایی بۆئەو خۆپیشاندانانە بڵاو كرایەوە كە لە كاتژمێر چوار و نیوی عەسر دەستپێدەكات تاوەكو كاتی خۆرئاوابوون بەردەوام دەبێت. لە ڕێنماییەكاندا جەخت كراوەتەوە لە پاراستنی ئاشتیانەی خۆپیشاندانەكان و تەنیا هەڵكردنی ئاڵای عێراق بەبێ بەرزكردنەوەی هیچ ئاڵا و وێنەیەكی دیكە و جەخت كراوەتەوە لە پابەندبوون بە دروشم و هوتافی ناوەندی لەكاتی خۆپیشاندانەكان.
