لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە، ڕێکخراوی داکۆک هەستا بە ڕێکخستنی چالاکییەکی هەمەلایەنە لە حەوت شاری ناوخۆ و دەرەوە. ئامانجی ئەم جوڵەیە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕاستییە تاڵە بوو کە هاوڵاتیان ڕۆژانە باجی گەورەی بۆ دەدەن، ئەویش فەرامۆشکردن و خەمساردیی دەسەڵاتدارانی هەردوو ناوچەی زەرد و سەوزە بەرامبەر بە گوزەرانی خەڵک.
لێدوانى بەشداربوان لە شارى نیوکاستڵ
لە کاتێکدا هێرشەکانی حەشدی شەعبی و بەرەی ئێرانی بە موشەک و درۆن خاکی کوردستان دەکەنە ئامانج، باری ئابووری و ژیانی هاوڵاتیان بەهۆی گەندەڵی و ململانێی ناوخۆییەوە گەیشتووەتە خراپترین ئاست. ڕێکخراوی داکۆک ئاماژەی بەوە کرد کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی هەڕەشەی دەرەکی و قەیرانی بژێویی ناوخۆییدا دەهاڕڕێن،
لێدوانى بەشداربوان لە شارى بێمینگهام
بەڵام بەرپرسان لە هەردوو زۆنەکەدا سەرقاڵی پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیانن و گوێیان لە ئازارەکانی خەڵک خەواندووە. تێکچوونی ڕەوشی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە دەرئەنجامێکی ڕاستەوخۆی ئەم بێباکییەیە لە سایەی گەرماوگەرمی شەڕی ناوچەییدا. چالاکوانانی داکۆک لەم حەوت شارەوە بە یەک دەنگ پەیامیان دا بە لایەنە دەسەڵاتدارەکان کە چیتر بێدەنگییان بەرامبەر بەو نەهامەتییانە قبوڵ ناکرێت و دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە و ژیانی هاوڵاتیان بگرنە ئەستۆ. هاوکات، داوایان لە حکومەتی بەغدا کرد کە لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی میلیشیاکاندا هەڵوێستێکی نیشتمانی وەربگرێت بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی کارەساتی گەورەتر لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی.
وێنەى بەشداربوان لە هەردوو شارەکە









