خوێندراوەتەوە: (1.5K)

حازم محمد جەلال

وەک خانوویەک کە لەسەر بناغەیەکی پڕ لە تەقینەوە و درزی گەورە دروستکرابێت، بەڵام خاوەنەکەی لەبری چاککردنەوەی بناغەکە، تەنها خەریکی گۆڕینی ڕەنگی دیوارەکان بێت بۆ ئەوەی سەرنجی میوانەکان لابدات؛ سیستەمی سیاسی و ئابووریی عێراقیش ڕێک بەمجۆرە مامەڵە لەگەڵ گەندەڵیدا دەکات. کاتێک هاوڵاتییەکی عێراقی یان کوردستانی گوێی لە دیارنەمانی ٢.٥ ملیار دۆلار دەبێت لە سندوقی باجەکانی دەوڵەت (کە بە “دزینی سەدە” ناسرا) ، یان کاتێک دەبینێت ١٥٠ ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت بە قاچاخ براوەتە دەرەوە ، تێدەگات کە ئەمە کاری چەند فەرمانبەرێکی خوارەوە یان چەند تاکێکی سەرپێچیکار نییە. لە عێراقدا، گەندەڵی نەخۆشییەکی کاتی نییە کە تووشی جەستەی دەوڵەت بووبێت، بەڵکو خودی سیستەمەکەیە؛ ئەو دەرگایانەی پارەی لێوە دەدزرێت، هەمان ئەو دەرگایانەن کە سیاسییەکان خۆیان بۆ کۆمپانیاکانیانیان دروستکردووە.

ئەم وێرانکارییە مادییە، ئەنجامی ڕاستەوخۆی سیستەمی “پشکبەندی” (محاصصە)یە، کە تێیدا حیزبەکان دەوڵەتیان نەک وەک نیشتمان، بەڵکو وەک کێکێکی گەورە دابەش کردووە. لە وەزیرەوە تا بەڕێوەبەری گشتی، پۆستەکان بەپێی وەلائی حیزبی و تائیفی دابەش دەکرێن ، ئەمەش وایکردووە هەر وەزارەتێک ببێتە قاصەی تایبەتی حیزبەکەی، و هەر هەوڵێکیش بۆ لێپرسینەوە، وەک هێرش بۆ سەر پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەک لێکبدرێتەوە.

کاتێک نیشتمان دەبێتە موڵکی چەند کەسێک، ئیتر نیشتمانپەروەری تەنها وشەیەکە بۆ خەڵەتاندنی گەمژەکان ئەمەش ڕێک هەمان ئەو واقیعەیە کە لە نێجیریای پڕ لە نەوتدا بەرجەستە دەبێت، کاتێک جەنەڕاڵەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان سیستەمێکیان دروستکردووە کە تێیدا داهاتی نەوت ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی نوخبەیەکی بچووکەوە، و خەڵکی ئاساییش لەسەر دەریایەک زێڕی ڕەشدا لە برسا دەمرن. بەڵام ئەم دەسەڵاتدارانەی عێراق و کوردستان، لە مۆدێلە ئەفریقییەکەش زیاتر پێشکەوتوون؛ ئەوان دەزگاکانی نەهێشتنی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی (نەزاهە)شیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، بە جۆرێک کە ئەو دامەزراوانە ناتوانن نزیکی هیچ بەرپرسێکی باڵا ببنەوە، و ئەگەر دادوەرێکیش بیەوێت ڕاستییەکان ئاشکرا بکات، یەکسەر دەردەکرێت یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە دەکرێت.

ئەم مافیا و کارتێلە سیاسییە، کاتێک فشاری شەقام یان فشاری نێودەوڵەتییان دەکەوێتە سەر، دەست دەکەن بە نمایشکردنی تەماشاگەرییەکی مەدەنی؛ چەند فەرمانبەرێکی بچووک دەگرن، لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنن، و بەیاننامەی ئاگرین دژی گەندەڵی دەردەکەن. بەڵام لە واقیعدا، ئەم فەنتەڵۆسانە تەنها کات دەکوژن تاوەکو ڕق و توڕەیی خەڵک دادەمرکێتەوە، چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن کە دەستبردن بۆ ڕیشەی گەندەڵی، واتە دەستبردن بۆ پایەکانی مانەوەی خۆیان و بنەماڵەکانیان. ئەوان سیستەمێکیان دروستکردووە کە تێیدا خاوەن کۆمپانیاکانی سێبەر و قاچاخچییەکانی نەوت، هەمان ئەو کەسانەن کە لەسەر شاشەکان پەیمانی چاکسازی بە میللەت دەدەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 173 Today: 2,349 📊 Click Here