وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هێڵی سوورە و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا ستراتیژێكی ئەمنییە. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند: لیژنەیەكی تایبەت بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكانی سەر سعودییە و ئیمارات بە هاوبەشی ڕاستەوخۆی ئەو دوو وڵاتە، كار بۆ شیكردنەوەی داتاكان بەڵگە ڕادارییەكان دەكات. ئەم لیژنە باڵایە ئەركی مەیدانی بۆ دۆزینەوەی راستییەكان پێسپێردراوە و ئەنجامەكان بە شەفافی بۆ رای گشتی بڵاودەكرێنەوە. نوعمان جەختی كردەوە، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ هێڵی سوورە و ڕێگە نادەن خاكەكەیان بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكاربێت، ڕاشیگەیاند: هەر لایەنێك تێوەگلانی بسەلمێندرێت، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی و سەربازی توند دەبێتەوە، لەبەرئەوەی ئەو كارە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و پێشێلكردنی سەروەری عێراقە و بەپێی یاسا سەربازییە جێبەجێكارەكان و یاسای ڕوویەڕووبوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. سەبارەت بە كۆكردنەوەی چەك، وتەبێژەكە ڕوونی كردەوە، ئەمە ستراتیژێكی ئەمنییە و پێویستە جێبەجێ بكرێت. پلانەكە لە ڕێگەی چالاككردنی هەواڵگری و بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان دەستی پێكردووە، ئامانجی سەرەكیش ئەوەیە تەنها دەوڵەت خاوەنی چەك بێت، ئەمەش پێوەرێكی بنەڕەتییە بۆ سەركەوتنی حكومەت لە چەسپاندنی سەروەریی یاسادا.
