بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداری دەدات کە لێکەوتەکانی شەڕی ئێران ملیۆنان کەس لە جیهاندا ڕووبەڕووی برسییەتییەکی کارەساتبار دەکاتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی کۆمەک و هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکان. کارڵ سکاو، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی “سی ئێن ئێن” ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە و بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و خۆراک لەسەر ئاستی جیهان، لەژێر فشارێکی تونددایە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە زۆرێک لە ناوچەکان ناچار بوون هاوکارییەکانیان کەم بکەنەوە، تاوەکو بتوانن تەنیا سەرنج بخەنە سەر ئەو شوێنانەی کە زۆرترین مەترسیی گەیشتن بە قۆناغی برسێتیی ڕەهایان لەسەرە. سکاو تیشکی خستە سەر دابەزینی قەبارەی هاوکارییە داراییەکان و ڕوونی کردەوە، کۆمەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەرنامەکە لە ساڵی ٢٠٢٦دا تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تەنیا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٣١ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا ئەم پێشکەشکردنە لە ساڵی ٢٠٢٤دا پتر لە چوار ملیار دۆلار بووە. ئەم بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەش کرد، لێکەوتەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ئێستاوە لە وڵاتانی وەک سریلانکا، سۆماڵ و ئەفغانستان ڕەنگی داوەتەوە. ئەو هۆشداریی دا کە کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەم قەیرانە بەردەوام دەبن، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بکرێتەوە؛ هاوکات هیوای خواست کۆتایی بەم ململانێیە بهێنرێت و داوای لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان کرد هاوکارییەکانیان زیاد بکەن بۆ سووککردنی باری گرانی سەر شانی چینە هەرە لاوازەکانی جیهان.
