خوێندراوەتەوە: (11)

پرۆسەی چارەسەری لەتورکیا لەنێوان “کۆمەڵگەی دیموکراتی”و “بنبڕکردنی تیرۆر”.. خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلەتیکی لەهاوکێشەی نوێی پرسی کورد

لە کاتێکدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی خێرای گۆڕانکارییە ستراتیژییەکاندا تێپەڕ دەبێت، پرسی کورد لە تورکیا دووبارە بووەتەوە بە چەقی هاوکێشە سیاسییەکان. ئەم گۆڕانکارییە تەنها پەیوەست نییە بە ناوخۆدا بۆ تورکیاوە، بەڵکوو هاوتایە لەگەڵ وەرچەرخانە گەورەکانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە. لە ناوخۆدا، باسەکە لە نێوان دوو دیدگای دژبەیەکدا دەسووڕێتەوە: لە لایەک، بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجالان پرۆسەکە وەک «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی» پێناسە دەکات کە لەسەر بنەمای فرەیی، ناسنامە و چارەسەری سیاسی دامەزراوە؛ لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی تورکیا بە ناوی «بنبڕکردنی تیرۆر» و لە ڕوانگەیەکی ئەمنییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەم وتارە هەوڵ دەدات شیکاری بۆ ئەم دژبەیەکبوونە ناوخۆییە بکات لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانی هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتییەکان و گوشارە دەرەکییەکانی سەر ئەنقەرە.

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ڕەهەندی ناوخۆیی کێشەکە
پرسی کورد لە تورکیا بەرهەمی چوار دەیەی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ڕەگی لە مێژووی سەد ساڵەی کۆماری تورکیادا هەیە. سیاسەتەکانی یەک ناسنامەیی، نکۆڵیکردن لە مافە کولتووری و زمانییەکانی کورد، و پشتبەستن بە بژاردەی سەربازی، بوونە هۆی سەرهەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK).

بە تێپەڕبوونی کات، بەڕێز ئۆجالان فەلسەفەیەکی سیاسی نوێی لەژێر ناوی “کۆمەڵگەی دیموکراتی” یان دیموکراسیی خوارەوە پێشکەش کرد. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 27 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ئۆجالاندا لە ساڵی 1999، هاوکێشەکە نەگۆڕاوە؛ نەک هەر ململانێکە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکوو نەوەیەکی نوێ لە ئەندامان و شەڕڤانان بە پاڵنەری بەرگریکردن لە ڕێبەرەکەیان و دۆزەکەیان پەیوەندییان بە چیاکانەوە کردووە. لەبەر ئەوە، هەر جۆرە هەڵسەنگاندنێکی ئەکادیمی دەبێت درک بەو ڕاستییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بکات کە چارەنووسی یاسایی و سیاسی بەڕێز ئۆجالان بەشێکی سەرەکییە لە هەر پرۆسەیەکی متمانەسازی و ئاشتەواییدا.

هاوکێشەی نوێی هەرێمایەتی: گۆڕانی هاوپەیمانێتییەکان
یەکێک لە گرنگترین پاڵنەرەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی ڕوانگەی بەرامبەر بە پرسی کورد، گۆڕانکارییە گەورەکانی دەرەوەی سنوورەکانیەتی. لە ڕووی جیۆپۆلەتیکییەوە، ناوچەکە شاھیدی گۆڕانکاریی توندە:

کۆتایی هاوپەیمانیی کلاسیکیی تورک-ئیسرائیل: بۆ چەندین دەیە، ئەنقەرە و تەلئەبیب هاوپەیمانی ستراتیژی یەکتر بوون لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەم پێگەیە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
سەرهەڵدانی هاوپەیمانیی عەرەب-ئیسرائیل: بەهۆی بەرەوپێشچوونی “پەیمانەکانی ئیبراهیم”، هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلدا دروست بووە کە تورکیا وەک جەمسەرێکی سەرەکی تێیدا نابینرێت. ئەمەش ئەنقەرە دەخاتە ژێر گۆشەگیرییەکی هەرێمایەتییەوە.

گۆڕانی هاوسەنگیی هێز لە سوریا: دەنگۆی بەشداریکردنی هێزەکانی ئەحمەد شەڕع (دەستەی تەحریری شام – HTS ی پێشوو) لە هاوکێشە نوێیەکاندا لە دژی حزبوڵڵاو هێزە نزیکەکان لەئێران، وا دەکات تورکیا پێویستی بەسەرلەنوێ داڕشتنەوەی کارتەکانی بێت لەباکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

گوشارەکانی ناتۆو گۆڕانی باڵانسی هێز لەدەریای ناوەڕاست
لەپاڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا لەلایەن ڕۆژئاواوە (ئەمریکاو ئەوروپا) لەسەر ئاستی ستراتیژی ڕوبەڕوی ههڕهشهى گەورە بوەتەوە:

وەرچەرخانی ڕادیکاڵی ناتۆ بەرامبەر یۆنان: لە ساڵانی ڕابردوودا، ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان پشتگیرییەکی بێوێنەی سەربازی و سیاسیی ئەسینایان کردووە. ئەم پشتگیرییە لە ڕێگەی پڕچەککردنی چڕی یۆنان، دابینکردنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی وەک F-35، و جێگیرکردنی سیستمی قوبەی پاراستنی موشەکییەوە دەرکەوتووە.

ئەم وەرچەرخانە باڵانسی هێزی لە دەریای ناوەڕاستی ڕۆژهەڵات و دەریای ئیجەدا لە زیانی تورکیا گۆڕیوە. ئەنقەرە ئێستا درک بەوە دەکات کە ناتۆ چیتر وەک جاران چاوپۆشی لە سەرکێشییە دەرەکییەکانی ناکات، و هێشتنەوەی بەرەی ناوخۆیی بە کراوەیی (بەتایبەت پرسی کورد) پێگەی ستراتیژی تورکیا لەبەرامبەر ڕکابەرە مێژووییەکەی (یۆنان) لاوازتر دەکات.

لەم سۆنگەیەوە، پرۆسەی نوێی چارەسەری لە تورکیا تەنها بەرهەمی ویستێکی ناوخۆیی نییە بۆ ئاشتی، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو گۆشەگیری و گوشارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەیە کە ڕووبەڕووی ئەنقەرە بوونەتەوە. گۆڕانی هاوپەیمانێتییەکان بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل-عەرەب، هاوشان لەگەڵ بەهێزبوونی پێگەی سەربازیی یۆنان لەلایەن ناتۆوە، تورکیا ناچار دەکات بەرەی ناوخۆیی خۆی ڕێکبخاتەوە.

بەڵام، گۆڕینی ئەم دەرفەتە مێژووییە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، گرێدراوی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە چەمکی تەسکی “بنبڕکردنی تیرۆر”ەوە هەنگاو بنێت بەرەو چەمکی “کۆمەڵگەی دیموکراتی” و دانی پێدا بنێت کە پرسی کورد پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسی، متمانەسازی و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکان هەیە. شکستی ئەم پرۆسەیە تەنها گەڕانەوە نییە بۆ شەڕ، بەڵکوو لاوازبوونی زیاتری پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیایە لە هاوکێشە نوێیەکانی ناوچەکەدا.

حەکیم عەبدولکەریم

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 168 Today: 1,842 📊 Click Here