خوێندراوەتەوە: (239)

ئارام جەمال خدر

لە نمایشە هەرە تراجیکۆمیدییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، ساڵێکی تری تەمەنی میللەتێک لەناو گێژاوی ململانێیەکی بێمانا و وەهمیدا سووتا و بەفیڕۆ چوو، تەنیا لەبەر ئەوەی نوخبەی سیاسی بڕیاریان دابوو شەڕی شکاندنی ئیرادەی یەکتری بکەن لەسەر حیسابی گیرفان و کەرامەتی خەڵک . لە لایەکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لێدوانە ئاگرینەکانی وەها خۆی نمایش دەکرد کە بە چەکی “ڤیتۆ” دەتوانێت ڕێڕەوی سیاسی ڕاست بکاتەوە و ببێتە فریادڕەسی جەماوەر بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، لە لایەکی تریشەوە، مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنیان دەدا کە بەبێ گوێدانە هیچ ئاستەنگ و ڕێگرییەک، کاروانی “چاکسازی” و پڕۆژە زەبەلاحەکانیان بەرەو پێشەوە دەبەن و کەس ناتوانێت بیانوەستێنێت .

بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێکی تەواو پڕ لە شەڕە بەیاننامە و کۆبوونەوەی داخراو، کاتێک هاوڵاتییەکی ماندوو سەیری دەوروبەری خۆی دەکات، نە ڤیتۆکەی یەکێتی سکی کەسێکی تێر کردووە و کۆتایی بە نادادپەروەری هێناوە، نە بەڵێنە بریقەدارەکانی سەرۆکی حکومەتیش توانیویەتی کارەبای ماڵەکان چاک بکات یان مووچە لە کاتی خۆیدا دابەش بکات . ئەنجامی ئەم زۆرانبازییە سیاسییە تەنیا ئەوە بوو کە هیچ کام لەم دوو لایەنە نەیانتوانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار پێشکەش بە خەڵک بکەن، بەڵکو لەبری ئەوە، تەواوی دامەزراوەکانی وڵات وەک پەرلەمان و فەرمانگەکان ئیفلیج کران و بوونە قوربانیی عەقڵیەتی عینادیی حزبی .

ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کاتێک باوکێکی هەژار یان گەنجێکی بێکار کە ڕۆژانە شەڕی مانەوە دەکات بۆ پەیداکردنی پاروویەک نان و کڕینی دەرمان بۆ منداڵەکەی، بە زۆر ناچار دەکرێت لەناو ئەم بەرداشە سیاسییەدا بژی و باجی بێتوانایی سەرکردەکان بدات، لە کاتێکدا ئەو باکی بەوە نییە کێ ڤیتۆ بەکاردەهێنێت یان کێ سوورە لەسەر بڕیارەکانی، بەڵکو تەنیا وڵاتێکی ئاسایی دەوێت کە تێیدا کەرامەتی پارێزراو بێت . ئەوانەی کە دەیانگوت خەریکی بونیاتنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و ئابوورییەکی سەربەخۆن، لە واقیعدا نیشتمانیان کردووەتە ژوورێکی گەورەی چاوەڕوانی کە تێیدا خەڵک لە نێوان درۆی لێدوانە سیاسییەکان و تاڵی واقیعێکی وێراندا گیری خواردووە، و بەم شێوەیەش کوردستان نەک هەر ساڵێکی تری بێ خزمەتگوزاری و پڕ لە قەیرانی لەدەست دا، بەڵکو متمانە و ئومێدی نەوەیەکی تەواویشی خستە ژێر گڵەوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 84 Today: 1,947 📊 Click Here