کاکە جوان ئەحمەد پیرۆت
لە هەرێمی کوردستان، هەرکاتێک وەزارەتی کارەبا یان سەرۆکی حکومەت بە لێدوانێکی حەماسییەوە مژدەی “چاکسازی لە کەرتی کارەبا” و “پڕۆژەی ڕووناکی” ڕادەگەیەنێت، هاوڵاتییان بە سادەیی خۆیان ئاهەنگ دەگێڕن و پێیان وایە ئیتر سەردەمی کڕینی ئەمپێر و دەنگی بێزارکەری مۆەلیدەکان کۆتایی هاتووە. بەڵام لە هەمان کاتدا، خاوەن مۆەلیدەکان و بازرگانانی گازوایل زۆر بە ئارامی لە ژوورەکانیاندا دانیشتوون، قاوەکانیان دەخۆنەوە و زەردەخەنەیەکی تەنزئامێز دەکەن؛ چونکە ئەوان باشتر لە هەر کەسێک مێژووی ئەم حکومەتە دەناسن و هەرگیز بڕوایان بەو بەڵێنە کاتییانە لەدەست نەداوە! خاوەن مۆەلیدەکان دەزانن کە ئەمە تەنیا درامایەکی تەلەفزیۆنیی کاتییە بۆ هێورکردنەوەی شەقام، و دڵنیان لەوەی کە هەر ئەوەندەی پلەی گەرما کەمێک بەرز بووەوە یان وەرزی سەرما دەستی پێکرد، دیسانەوە کێبڵە ڕەشەکانی ئەوان دەبنەوە بە تاکە دەماری ژیان بۆ ماڵەکان و خەڵک ناچار دەکرێتەوە مانگانە باجی بێتوانایی حکومەت بدات. ئەگەر بەڕاستی ئیرادەیەک هەبووایە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی کارەبا، ئەوا بازاڕی فرۆشتنی مۆەلیدە زەبەلاحەکان و بازرگانیی گازوایل ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر نەدەبوو.
ئەمە ئەو تەنزە تاڵەی ژیانی سیاسییە لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتدارەکانی باسی “حکومەتی ئەلکترۆنی” دەکەن، بەڵام هاوڵاتییەکەی دەبێت چاودێریی چرای مۆەلیدەکە بکات بزانێت کەی هەڵدەبێت! دروستکردنی باوەڕ لای خەڵک زۆر قورسە کاتێک دەبینن هەموو ساڵێک هەمان شانۆگەری دووبارە دەبێتەوە؛ سەرەتا بەڵێنی گەورە، دواتر کەمێک باشتربوونی کاتی، و لە کۆتاییدا گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. خاوەن مۆەلیدەکان وەکو شرۆڤەکارێکی سیاسیی شارەزا مامەڵە دەکەن،
چونکە ئەوان دەزانن سیستەمێک کە لەسەر پشکپشکێنەی کۆمپانیاکان دروست بووبێت، هەرگیز ئامادە نییە واز لەو بازرگانییە ملیۆن دۆلارییەی مۆەلیدە و سووتەمەنی بهێنێت کە زۆرجار ڕاستەوخۆ دەچێتەوە گیرفانی بەرپرسان خۆیان. لێرەدا دەردەکەوێت کە لە کوردستان، هەموو بەڵێنێکی حکومەت بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، هەمیشە و هەمیشە بە هەمان پلانی یەدەگ کۆتایی دێت: گەڕانەوە بۆ ژێر ڕەحمەتی مۆەلیدەی گەڕەکەکە!
