پهیام
هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوە لە ناو وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی ڕێککەوتنی هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل، بەربەستی ملیۆنێک واژۆی تێپەڕاند، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە “جەنگی کۆمەڵکوژی” و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کەرتی غەززە. بەپێی زانیارییەکانی دەستپێشخەریی هاووڵاتیانی ئەوروپا، ژمارەی واژۆکان گەیشتووەتە یەک ملیۆن و حەوت هەزار کەس، کە ئەمەش ڕێژەی یاسایی پێویست بۆ بەفەرمیکردنی داواکارییەکە تێدەپەڕێنێت. ئەم هەڵمەتە کە تەنیا لە ماوەی سێ مانگدا ئەم ئەنجامەی بەدەستهێناوە، داوا دەکات سەرجەم پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ تەلئەبیب ڕابگیرێن، چونکە ڕێککەوتنی هاوبەشی کە بنەمای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایە، بە پێچەوانەی بەها بنەڕەتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا دەبینرێت لە کاتێکدا ئیسرائیل تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی. لە ناوەڕۆکی داواکارییەکەدا هاتووە کە ئیسرائیل بەرپرسیارە لە کوشتن و ئاوارەکردنی مەدەنییەکان و وێرانکردنی سیستماتیکی نەخۆشخانەکان، جگە لە بەکارهێنانی برسیێتی وەک چەکێکی جەنگ و پشتگوێخستنی بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی. واژۆکەران داواش لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن پێشنیازێکی فەرمی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئەوروپا بکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ئیسرائیل.
