بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاڕاستەی هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر کران و لە ئاسماندا خرانە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان لێ بکەوێتەوە. بەپێی زانیارییەکان، دوو لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گەیشتوونەتە ئاسمانی پارێزگای سلێمانی و خراونەتە خوارەوە، کە بەهۆی یەکێکیانەوە ئاگرێک کەوتەوە و دواتر لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵ کرا. لە لایەکی دیکەوە لە شاری هەولێر، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی (سی ڕام) بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بووەوە و لە ئاسماندا تەقاندییەوە، بەرپەرچدانەوەکەش هیچ زیانێکی مادی یان گیانیی بەدوای خۆیدا نەهێنا کە هەندێک جار بەهۆی پاشماوە تێکشکاوەکانەوە ئاگر دەکەوێتەوە و زیانی دیکەى لێ دەکەوێتەوە. ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەگەڵ سەدان سەرباز و سیستمە سەرەکییەکانی بەرگریی ئاسمانی دەکشێننەوە.
