خوێندراوەتەوە: (712)

سەرۆكوەزیرانی عێراق بڕیاری پێكهێنانی ئەنجومەنێكی باڵای دەستپاكی و چاودێری و گەڕاندنەوەی پارەی گشتی دەركرد. عەلی فالح زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چاودێری و دادوەری، فەرمانی پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای سەروەری بۆ دەستپاكی و چاودێری و گەڕاندنەوەی پارەی گشتی دەركرد. ئەنجوومەنەكە بە سەرۆكایەتی زەیدی خۆی و ئەندامێتی سەرۆكانی دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی دەبێت، ئامانجی سەرەكی لێی چاودێریكردنی وردی وەزارەتەكان و پارێزگاكان دەبێت بە مەبەستی ڕێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكانی دەوڵەت، دواتریش ئەنجامی كارەكان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دادگا دەكرێن. سەرۆكوەزیران فەرمانی دا لیژنەی لاوەكی پسپۆڕیش بۆ چاودێریی گرێبەستە حكومییەكان پێك بهێنرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەكاندا دەگونجێن. لە كۆبوونەوەكەدا باسی پێكهێنانی لیژنەیەكی ناوەندییش لە نێوان دیوانی چاودێری و دەستەی دەستپاكی و وەزارەتی دارایی كرا كە ئەركی سەرەكیی دانانی میكانیزمێكی نوێ بۆ وردبینی و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستە حكومییەكان پێش واژووكردنیان دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 16 Today: 2,024 📊 Click Here