دەستەی دەستپاكی عێراق ئاشكرای كرد لە كاتی پشكنین بۆ ماڵی ژنەجێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆ لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستیان بەسەر بەڵگەنامەی دەیان موڵكدا گرتووە. دەستەی دەستپاكی عێراق بڵاوی كردەوە: بۆ لێكۆڵینەوە لە گومانی سپیكردنەوەی پارە و شاردنەوەی دەیان موڵك كە بەناوی خۆی و كەسوكارەكەوەیەتی، هاوسەری ئەفراح شەمەری جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تاپۆیان لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیر كردووە. دەستەی دەستپاكی دەڵێت: لە كاتی پشكنین دەستبەسەر بەڵگەنامەی نزیكەی 95 موڵكدا گیرا لە سەڵاحەدین و بەغداد و دیالە كە 27 موڵك بەناوی هاوسەرەكەی و چەندیدن موڵك بەناوی كەسوكار و كەسانی دیكە تۆمار كراون و هەروەها دەست بەسەر بڕێك دینار و دۆلار و سندوقێك ئاڵتون و خشڵدا گیرا.
هاوسەری تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە نزیکەی 27 خانووبەرە بە ناوی ئەو بە شێوەیەکی رووکەشی تۆمار کراون، لە کاتێکدا موڵکی هاوسەرەکەی بوون و پارەکەیان لە رێگەی بەرتیل و سوودوەرگرتن لە پۆستی گشتییەوە دەستکەوتووە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی سەلاحەددین، هاوسەری ئەفراح شەمەری بەپێی ماددەی 36 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە ژمارە 39ی ساڵی 2015 راگیراوە و رێکارە یاساییەکان بۆ تەواوکردنی کەیسەکە بەردەوامن.
