دەستەی دەستپاكیی عێراق بوونی 16 هەزار ناوی مردووی لە لیستی مووچەخۆرانی خانەنشینییدا ئاشكرا كرد. ئەمڕۆ، 21ى 8ى 2026، دەستەی دەستپاكیی عێراق ڕایگەیاند: لە ئەنجامی وردبینییەكاندا، ناوی زیاتر لە 16 هەزار كەسی كۆچكردوو دۆزراوەتەوە، كە هێشتا مووچەی خانەنشینی وەردەگرن. بەپێی ڕاگەیەنراوێك لەوبارەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات كە دەستەكە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی خانەنشینان و بەراوردكردنی زانیارییەكان لەگەڵ فەرمانگەی خانەنشینی نیشتمانی بۆ دۆزینەوەی سەرپێچییەكان و ڕێگریكردن لە بەهەدەردانی دارایی گشتی دەست پێكردووە. دەستپاكی ڕایشیگەیاند: بەڕێوەبەری ژمارەیەك لق لەو پارێزگایانەی پێشتر تووشی كردەوەی تیرۆریستی ببوون، لەم پێشێلكارییانەدا تێوە گلاون.
