ڕێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كەلتووریی مەدەنی لە نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەیدا هۆشداری لە خراپیی دۆخی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت “تەنیا 4%ی هاووڵاتییانی هەرێم دەتوانن لە دامەزراوە تەندروستییەكان دەرمان وەربگرن”. بەپێی ڕاپۆرتەكە تەنیا 4%ی هاووڵاتییانی هەرێم دەتوانن لە دامەزراوە تەندروستییەكان دەرمان وەربگرن، 96%ی هاووڵاتییان ناچارن دەرمان لە بازاڕەكاندا بكڕن كە بارگرانییەكی زۆری دارایی بۆ خەڵك دروست كردووە. لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: 60%ی تووشبووانی شێرپەنجە دەرمانیان لەلایەن حكومەتەوە بۆ دابین ناكرێت و دەبێت بە نرخێكی گران لە كەرتی تایبەتی بكڕن، ئەم دۆخەش نیشانەی تێكچوونی هاوسەنگییە لە سیستمی تەندروستیدا و زیان بە هاووڵاتی كەمدەرامەت دەگەیەنێت.
