خوێندراوەتەوە: (32)

لەکاتێکدا کە هێشتا ڕۆژئاوای
کوردستان بەدەست برینەکانی ڕابردویەوە دەناڵێنێت، پیلانێکی نوێی مەترسیدار لەلایەن
حکومەتهكهى شهرعهوه لەئارادایە کە نەک هەر قەوارەو سنوری کارگێڕیی ئەو بەشەی
کوردستان بەرەو بچوککردنەوەو دابەشبون دەبات، بەڵکو هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆو ستراتیژی
لەسەر حهسهكهى گەورە شاری کوردانو تەواوی ناسنامەی دیمۆگرافیو مێژویی ناوچەکە
دروستدەکات؛ زانیارییهكان باس لهوهدهكهن، ئهوهى دهگوزهرێت وەک زیندوکردنەوەی
سیاسەتی شۆڤێنیانەی (پشتوێنی عەرەبی)و هەوڵێک بۆ گەمارۆدانو خنکاندنی پێگەی
کوردان لەژێر پەردەی ڕێکخستنی نوێی کارگێڕیدا سەیر ناودهبهن.

لهكۆى 13 شارو شارۆچكهى
سنورى پارێزگاى حهسهكه لهڕۆژئاواى كوردستان، حكومهتهكهى ئهحمهد شهرع لهههوڵدایه
بۆ جیاكردنهوهى 5 ناوچهى ئهو پارێزگایهو گواستنهوهى ئیدارهو كارگێڕییان لهسهرهتادا
وهك چوارچێوهی بهڕێوهبهرایهتیو ئیدارهیهكى سهربهخۆو دواتریش ناوهندهكهیان
پارێزگاى دێرهزور دهبێت، بۆ ئهو مهبهستهش شهرع نوێنهرى خۆى لهڕۆژئاواى
كوردستان كه بهئهندازیارى كۆكردنهوهى هۆزه عهرهبیهكان دادهنرێت كردوهته
پارێزگارى دێرهزورو لهئێستاشهوه ههوڵهكانى بۆ ئهو پیلانه دهستپێكردوه.

دوای ئەو ڕێککەوتنهی
کە لە 29ی کانونی دوەمی 2026 لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و حکومەتهكهى
ئهحمهد شهرع، بەچاودێریی ئەمریکاو فەرەنسا واژۆکرا، پرۆسەی “تێکەڵاوبونی دیموکراتی”
لەنێوان دیمەشقو بەڕێوەبەریی خۆسەر بەفەرمی دەستیپێکرد.

ڕێککەوتنەکە لە 2ی
شوباتی ئهمساڵدا چوە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پێشکەوتنەکان لەماوەی پێنج مانگی
ڕابردودا بەسستی مانەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی بێ متمانەیی نێوان هەردولا، گرژییە
سیاسییەکانو ئەو کۆسپە دامەزراوەییانەی کە هێشتا سیفەتی سەرەکی دانوستانەکانن.

سەرەڕای ئەوەش، پەیوەندییەکانی
نێوان هەردولا نەوەستاونو گفتوگۆکان لەسەر چەندین مەلەفی جیاواز بەردەوامبون، بەڵام
هەندێک لەهەنگاوەکانی ئەمدواییەی حکومەتی دیمهشق مشتومڕی نوێیان لەسەر ڕادەی
گونجانیان لەگەڵ ناوهڕۆكى ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم دروستکرد، بەتایبەت ئەو پێشنیازانەی
پەیوەستن بەپێکهاتەی کارگێڕیی پارێزگای حەسەکە لەڕێگەی بەکارهێنانی دەستەواژەی
“ناوچە عەرەبییەکان”، ئەمەش گفتوگۆیەکی نوێی لەسەر ئەندازیاری سیاسیی دیمۆگرافی
ناوچەکە کردەوە.

ڕێککەوتنی 29ی کانونی
دوەمو دۆخی ناوچە کوردییەکان
یەکێک لەدیارترین بەندەکانی
ڕێککەوتنەکە، پاراستنی پێکهاتەی کارگێڕییو کۆمەڵایەتی تایبەت بەناوچە کوردییەکان
بوو لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە، بڕیاروابوو لەڕێگەی مۆدێلی
“تێکەڵاوبونی دیموکراتی”یەوە تێکەڵاوبون لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات،
دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەرو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریادا بکرێت.

یەکێک لەبەندە هەرە هەستیارەکانی
ڕێککەوتنەکە دۆخی پارێزگای حەسەکە بوو، بهگوێرهى ڕێککەوتنەکە، دەبوو ناوچەکە پێکهاتەی
دامەزراوەییو ناسنامەی خۆجێیی کوردی خۆی بپارێزێتو پێکهاتەی کارگێڕیی، ئابورییو
کۆمەڵایەتی ئێستا ڕوبەڕوی هیچ دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆ نەبێتەوە، هەروەها عەفرینو
کۆبانێ وەک دوو یەکەی کارگێڕی سەر بەحەلەب دیاریکران، لەکاتێکدا گرێ سپی وەک سەر بەپارێزگای
ڕەققە ئەژمارکرا.

پارێزگای حەسەکە چەندین
شارو شارۆچکەی وەک (سەرێکانی، قامیشلۆ، دەرباسیە، عامودا، دێریک، گركێ لهگێ، چەل
ئاغا، تربەسبی، تهلتەمەر، شەدادی، حەسەکە، هۆڵو تهل کۆچەر) لەخۆدەگرێت، چڕیی
دانیشتوانی عەرەب بەتایبەتی لەناوچەکانی وەک (شەدادی، تهل بەراک، تهل حەمیس، تهل
کۆچەرو هۆڵ) چڕبوهتهوه، بەڵام ئەم ناوچە مێژوییانه بەشێکن لەپێکهاتەی کارگێڕیی
پارێزگای حەسەکە.

دەستەواژەی “ناوچە
عەرەبییەکان”و گفتوگۆ کارگێڕییە نوێیەکان
بەکارهێنانی دەستەواژەی
“ناوچە عەرەبییەکان” لەماوەی مانگەکانی ڕابردودا لەلایەن هەندێک لایەنی
ناو حکومەتهكهى شهرعهوه، گفتوگۆکانی لەسەر ئەگەری پێدانی پێگەیەکی کارگێڕیی جیاواز
بەهەندێک ناوچە لەناو حەسەکەدا بەهێزترکرد.

ئەم ئاڕاستەیە بوەته
هۆی دروستبونی پێشبینی لەسەر ئەگەری بەستنەوەی ناوچەکانی وەک (شەدادی، تهل بەراک،
تهل حەمیس، تهل کۆچەرو هۆڵ) بەبەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆوە لەژێر ناوی
“ناوچە عەرەبییەکان”، ئەم ئەگەرانە ترسی لێکدابڕانی ئەو پێکهاتە کارگێڕییە
یەکگرتوەی دروستکرد کە لەڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمى ئهمساڵدا بڕیاری لەسەردرابوو.

ئەمڕۆ پارێزگای حەسەکە
کە شارە دێرینەکانی وەک (قامیشلۆ، دێریک، عاموداو حەسەکە) لەخۆدەگرێت، ڕوبەڕوی نەشتەرگەرییەکی
کارگێڕیی مەترسیدار دەبێتەوە، هێنانە پێشەوەی دەستەواژەی “ناوچە عەرەبییەکان”
تەنها گۆڕینی ناو نییە، بەڵکو سەرەتای پڕۆژەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراوە بۆ پارچەپارچەکردنی
جوگرافیای ڕۆژئاوای کوردستان.

دژایهتیه سەرەکییەکان
لەوەدایە کە ئەم هەنگاوە تەنها وەک ڕێکارێکی کارگێڕیی سەیرناکرێت، بەڵکو وەک سەرەتایەکی
ئەگەری بۆ ڕێڕەوێک دەبینرێت کە ببێتە هۆی لاوازکردنی یەکێتیی جوگرافیو سیاسیی
ناوچە کوردییەکان، بۆیە ئەم پرسە لەلایەن سورییەکانەوە وەک پرسێكى ستراتیژیی سەیر
دەکرێت کە لەسنوری سەرلەنوێ کێشانەوەی کارگێڕیی تێدەپەڕێت.

ئایا سیاسەتی
“پشتوێنی عەرەبی” گەڕاوەتەوە کایەکە؟
ئەم گفتوگۆیانە بەستراونەتەوە
بەسیاسەتی “پشتوێنی عەرەبی” کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا جێبەجێدەکرا، ئەو
سیاسەتەی لەشەستەکانی سەدەی ڕابردودا دەستیپێکرد، ئامانجی دروستکردنی شریتێکی دانیشتوان
بوو لەسەر درێژایی سنوری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی نیشتەجێکردنی کۆمەڵە عەرەبەکان
لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبون، ئەمەش بوە هۆی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بەرفراوان کە
ناوچەکە تائێستاش بەدەست دەرهاویشتەکانییەوە دەناڵێنێت.

هەندێک لەچاودێران پێیانوایە،
قسەکردنی ئێستا لەسەر “ناوچە عەرەبییەکان” گوزارشت لەوەشانێکی هاوچەرخی
ئەو سیاسەتە دەکات، دەوترێت هەر دابەشکارییەکی کارگێڕیی نوێ، بەتایبەت لەباکورو ڕۆژهەڵاتی
حەسەکە، ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازکردنی یەکێتیی کارگێڕی ناوچە کوردییەکان، لەم چوارچێوەیەدا،
مشتومڕەکە تەنها لەسەر سنورە کارگێڕییەکان سنوردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ
پرسەکانی نوێنەرایەتی سیاسیی، هاوسەنگی کۆمەڵایەتیو شێوازی بەڕێوەبردنی داهاتوی
ناوچە کوردییەکان.

دەستنیشانکردنی زیاد
ئهلعایشو بەستنەوەی دێرەزور
یەکێک لەپێشهاتە ئاماژەپێکراوەکان،
دەستنیشانکردنی زیاد ئهلعایش بوو وەک پارێزگاری دێرەزور کە ڕاسپێردرابوو بۆ بەدواداچونی
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەم، ئالعایش بەپەیوەندییەکانی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکاندا
ناسراوە، بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی سوریا کە تۆڕێکی بەرفراوانی لەپەیوەندیی هۆزایەتی
دروستکردوە، لەبەر ئەم هۆکارە، دەستنیشانکردنی تەنها وەک گۆڕانکارییەکی کارگێڕیی
ئاسایی سەیرناکرێت.

بهگوێرهى هەندێک زانیاریىو
ئهو هەڵسەنگاندنانهى بۆ دیاریكردنى ئهلعایش كراون، ئەم هەنگاوە ڕەنگە ئەگەری بەستنەوەی
ئەو ناوچانەی زۆرینەیان عەرەبن لەحەسەکە لەداهاتودا بەچوارچێوەیەکی کارگێڕییەوە بەهێزتربکات
کە دێرەزور ناوەندەکەی بێت، ئەمەش جارێکی دیکە مشتومڕەکانی پەیوەست بەسیاسەتی
“پشتوێنی عەرەبی” هێنایەوە کایە.

مشتومڕی نێوان حەسەکەو
شەدادی
هەروەها ئەو کۆبونەوانەی
کە تیمی سەرۆکایەتی لەشەدادی لەگەڵ نوێنەرانی هۆزەکان، پارتە سیاسییەکان، کەسایەتییە
سەربەخۆکانو چالاکییە جۆراوجۆرەکاندا ئەنجامیدا، سەرنجی چاودێرانى سیاسیىو
چالاكوانانى بۆخۆى ڕاکێشا، چونكه ئامادەبونی بەرپرسانی سیاسیی لەو کۆبونەوانەدا
دهریخست بابەتەکە تەنها لەڕاوێژی خۆجێییدا کورتنابێتەوە، بەڵکو دروستکردنی کەناڵی
پەیوەندیی ڕاستەوخۆ بوو لەگەڵ حکومەتی دیمهشق لەشەدادی، پرسیاری لەسەر ئەگەری
دروستکردنی ناوەندێکی کارگێڕی بەدیل-یش هێنایە ئاراوە.

سەرەڕای ئەوەی هیچ لایەنێکی
فەرمی ڕاگەیاندراویان سەبارەت بەگواستنەوەی دەسەڵاتەکان لەپارێزگای حەسەکەوە دەرنەکردوە،
بەڵام ئەم جوڵانە لەسەر زەوی ئەو لێکدانەوانەی بەهێزترکرد کە پێیانوایە، پرۆسەی تێکەڵاوبونەکە
ڕەنگە بەرەو مۆدێلێکی نوێ لەهەماهەنگی کارگێڕیی بڕوات.

پرۆسەیەک لەنێوان تێکەڵاوبونو
ڕکابەریدا
کۆی ئەو پێشهاتانە ڕەنگدانەوەی
ئەو ئاڵەنگارییانەن کە ڕوبەڕوی ڕێڕەوی پرۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی
خۆسەرو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا دەبنەوە بهگوێرهى ڕێککەوتنی 29ی کانونی دوەمى
ئهمساڵ، ئەمەش لەژێر سێبەری بەردەوامی ناڕونی لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی خۆجێییو
داهاتوی هەندێک ناوچە لەپارێزگای حەسەکەدا، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەو مشتومڕەی ئێستا
لەسەر سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕیی پارێزگاکە هەیە، لەچوارچێوە کارگێڕییەکە
تێپەڕیوە، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لەگفتوگۆیەکی بەرفراوانتر کە پەیوەستە بەداهاتوی
ناوچە کوردییەکان لەسوریاو سروشتی ڕێکخستنە سیاسییو کارگێڕییەکان لەقۆناغی
داهاتودا.

چاودێرانی سیاسییو شارهزایانى بوارى مێژوو هۆشداریدەدەن
کە ئەم هەوڵانە، کۆپییەکی نوێو مۆدێرنی هەمان سیاسەتی “پشتوێنی عەرەبی”
ساڵی 1973ی ڕژێمی بەعسن، ئەوکاتەی بەزەوتکردنی زەویو زاری کوردانو نیشتەجێکردنی
هۆزە غەیرە کوردەکان هێڵێکی دابڕانیان لەسەر سنورەکان دروستکرد، ئێستاش، دەستنیشانکردنی
کەسایەتییەکی وەک زیاد ئهلعایش وەک پارێزگاری دێرەزور بەهۆی پەیوەندییە خێڵەکییەکانیەوە،
لەپاڵ بەڕێوەچونی کۆبونەوەی تیمی سەرۆکایەتی لەشارۆچکەی شەدادی لەگەڵ هۆزەکان، بەڵگەی
ڕونن لەسەر ئەوەی دیمەشق دەیەوێت ناوەندی کارگێڕیی بەدیل دژی حەسەکەو قامیشلۆ
دروستبکات، ئەمەی ئێستا لەئارادایە، گۆڕانکارییەکی سادەی سەر کاغەز نییە، بەڵکو
ململانێیە لەسەر مانو نەمانی پێگەی سیاسییو
جوگرافیی کورد لەڕۆژئاوا؛ پیلانێکە کە ئەگەر ڕوبەڕووی نەبنەوە، نەخشەی ناوچەکە بۆ
هەمیشە بەزیانی گەلی کورد دەگۆڕێت.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 177 Today: 2,341 📊 Click Here