خوێندراوەتەوە: (1.2K)

محمد ئەحمەد قادر

لە شانۆگەرییە بێزارکەرەکانی سیاسەتدا لە هەرێمی کوردستان، هیچ شتێک ئەوەندەی خشتەی کاتیی بەڵێنە درۆینەکانی دەسەڵاتداران بەڕێک و پێکی بەڕێوە ناچێت؛ کاتێک پرۆسە بنەڕەتییەکانی وەک کارابوونی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەت یان دابەشکردنی مووچە مانگانە و ساڵانە دواخراون و وەک هەڵم بە ئاسماندا دەچن، بەڵێنە برەق و هەڕەشە خیاڵییەکانی دەسەڵاتداران تەواو لە کاتی خۆیاندا دەگەنە سەریان. لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە، هەردوو جەمسەرەکەی حوکمڕانی دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی گوتاری پڕ لە خۆپەرستی و مانۆڕی سیاسی: یەکێتیی نیشتمانی بە دەنگێکی بەرز و پڕ لە هەڕەشەوە ئاماژەی بەوە دەکرد کە بێ ڕەزامەندی و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەوان، مەسرور بارزانی خەونی بوونەوە بە سەرۆکی کابینەی داهاتوو بە چاو نابێنێت؛ لە بەرامبەردا، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لووتبرزییەوە وەڵامی دەدایەوە کە ئەوان بەبێ گوێدانە ویستی بەرامبەر، حکومەتی خۆیان ڕادەگەیەنن و کەس ناتوانێت ڕێگرییان لێ بکات. بەڵام دوای تێپەڕبوونی مانگەکان بەسەر ئەم جەنگە ڕاگەیاندنییە دەستکردەدا، واقیعی تاڵی سەر زەمین هیچ نەگۆڕاوە: پەرلەمانەکە هێشتا وەک دەزگایەکی تەشریفاتی و کۆماکراوە و بێکاریگەر ماوەتەوە، دانوستانەکان تەنها خولخانەوەن لەناو بازنەیەکی بەتاڵدا، و هاوڵاتییان هێشتا لە چاوەڕوانیی بێبڕانەوەدان بۆ بینینی حکومەتێک کە لانی کەمی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت.

ئەم دواکەوتنە بەردەوامە لە پێکهێنانی دامەزراوە شەرعییەکان، تەنگژەیەکی تەکنیکی یان یاسایی نییە وەک ئەوەی کۆمسیۆن و لیژنە بێکەڵکەکانیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە پرۆسەی سیاسی لە کوردستاندا کورتکراوەتەوە بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکانی بنەماڵە و زۆنەکان. کاتێک دەسەڵاتداران لە جیاتی ڕێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتییان و کاراکردنەوەی پەرلەمان تا لێپرسینەوە لە گەندەڵی، بێکاری و داڕمانی ئابووری بپڕسێت، تەواوی کاتی خۆیان بۆ دابەشکردنی وەزارەتە داهاتدارەکان و پۆستە سیادییەکان تەرخان دەکەن، باوەڕی جەماوەر بە سەرتاپای دیموکراتییەتی درۆینەی هەرێم بە تەواوەتی هەڵدەتەکێت.

ململانێی ڕاگەیاندن لەسەر کورسیی سەرۆک وەزیران و مافی ڤیتۆ، تەنها بەشێکە لە یاریی خەڵکخەڵەتاندن تا خەڵک وا هەست بکات ململانێیەکی جدی لە ئارادایە، لە کاتێکدا لە پشت پەردەوە هەردوو لا لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە داراییەکانیان تەواو ڕێککەوتوون. کۆتایی ئەم وەهمە بەردەوامە، حەقیقەتێکی زۆر بەئازارمان بەڕوودا پێدەڵێت کە هیچ بەڵێنێکی نوێ ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: مانگەکان تێپەڕین و نە پەرلەمان دروست بوو نە حکومەت، چونکە تاقە شتێک کە تا ئێستا لەم هەرێمەدا بە سەرکەوتوویی و لە کاتی خۆیدا پێکهێنرا بێت، تەنها بێئومێدیی قووڵی جەماوەرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 70 Today: 2,139 📊 Click Here