خوێندراوەتەوە: (5.1K)

سەفەر علی حمە أمین

ژیانی ڕۆژانەی هەرێمی کوردستان، قەیرانی دواکەوتن و نەدانی مووچە لەوە دەرچووە کە تەنیا کێشەیەکی کارگێڕی، تەکنیکی، یان سیاسی بێت لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکو بە تەواوی گۆڕاوە بۆ “شەڕێکی سەختی مانەوە لە ژیان” بۆ ملیۆنان هاوڵاتی. کاتێک دەسەڵاتداران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و لەناو کۆشکە فێنکەکانیاندا بە خوێنساردییەوە باس لە “کێشەی سیولە” و “دواکەوتنی تەموویل” دەکەن و وەها نیشانی دەدەن کە ئەمە تەنیا کێشەیەکی بچووکی کارگێڕییە، لە واقیعدا خێزانێکی سادە لە ژوورە بچووکەکەیدا ڕووبەڕووی مەرگێکی لەسەرخۆ و داڕمانێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی گەورە بووەتەوە. باوکێکی ماندوو کە بۆ چەندین مانگ یەک دیناری وەرنەگرتووە، چیتر باکی بە لێدوانە سیاسییەکان و ململانێی حزبییەکان نەماوە،

بەڵکو هەموو خەمی ئەوەیە کە چۆن وەڵامی خاوەن ماڵەکەی بداتەوە کاتێک داوای کرێی خانوو دەکات، چۆن پارەی مۆەلیدەی گەڕەک پەیدا بکات بۆ ئەوەی منداڵەکەی لە گەرما نەخنکێت، و چۆن بتوانێت پاروویەک نان و دەرمان بۆ خێزانەکەی دابین بکات. ئەمەیە ئەو واقیعە گاڵتەجاڕییەی کە تێیدا حکومەتێک بەڵێنی بونیاتنانی دەوڵەت و خۆشگوزەرانیی دەدا، کەچی ئێستا فەرمانبەرەکەی خۆی کردووەتە سواڵکەرێک کە دەبێت لە بازاڕەکاندا قەرز بکات تەنیا بۆ ئەوەی بژی و بتوانێت بەیانیان بچێتەوە بۆ دەوام تا خزمەتی هەمان ئەو سیستەمە بکات کە گیرفانی بڕیوە. قەیرانی مووچە لەم هەرێمەدا ئیتر تەنیا دیارنەمانی ژمارەیەک نییە لە هەژماری بانکیدا، بەڵکو بریتییە لە دیارنەمانی کەرامەت، هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان، زیادبوونی ڕێژەی تەڵاق،

و هەڵاتنی گەنجان بەناو دەریاکاندا بەرەو هەندەران. کاتێک کارمەندێک ناچار دەکرێت باری قورسی بژێویی ژیان، کرێی هاتوچۆ، و باجەکانی حکومەت بە گیرفانێکی خاڵییەوە هەڵبگرێت، ئیتر گفتوگۆکردن لەسەر چاکسازیی ئابووری دەبێتە نوکتەیەکی بێزارکەر. دەسەڵاتداران وەها مامەڵە دەکەن کە گوایە هاوڵاتیی کورد ئارامگرییەکی ئەفسانەیی هەیە و پێویستی بە نان و ئاو نییە، بێئاگا لەوەی کە ئەم برسییکردنە سیستماتیکییە خەریکە بنەماکانی کۆمەڵگا لە ڕەگەوە هەڵدەتەکێنێت. ئەگەر جاران کێشەی فەرمانبەرێک کڕینی ئۆتۆمبێلێک یان دروستکردنی ماڵێک بووبێت، ئێستا خەونەکانی هێندە بچووک کراونەتەوە کە تەنیا داوای دابینکردنی شیری منداڵەکەی و مانەوە لە ژیان دەکات، و ئەمەش گەورەترین و تاڵترین شکستی سیستەمێکە کە نەوتەکەی دەفرۆشێت، بەڵام هاوڵاتییەکەی لە برسا دەکوژێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 70 Today: 2,139 📊 Click Here