خوێندراوەتەوە: (62)

ڕامیار یەحیا

لە کاتێکدا پەرلەمان لە وڵاتە دیموکراتەکاندا هێمای سەروەریی گەل، هۆڵی دادپەروەری، و ناوەندی لێپرسینەوە و یاسادانانە، لە هەرێمی کوردستاندا و بە تایبەتی لە سایەی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا، ئەم دامەزراوەیە تەواو لە ناوەڕۆکەکەی داماڵدراوە و کراوەتە باڵەخانەیەکی چۆڵ و بێکەڵک. درێژەکێشانی ئیفلیجبوونی پەرلەمان، پەکخستنی بڕیارە چارەنووسسازەکان، و بێدەنگکردنی نوێنەرانی گەل لە بەرامبەر داڕمانی ئابووری و قەیرانی مووچەدا، وایکردووە کە ئەم شوێنە چیتر جێگەی یەکلاکردنەوەی خواستی جەماوەر نەبێت،

بەڵکو تەنها موڵکێکی بێگیانی سەر بە هەمان سیستمە. کاتێک بەکارهێنانی یاسا و چاودێریی پەرلەمانی دەبێتە قوربانیی هەژموونی حزبی و بڕیاری ژوورە داخراوەکانی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەیی، پەرلەمان ناونیشانە ڕاستەقینەکەی دەدۆڕێنێت و دەبێتە هێمایەک بۆ بەتاڵکردنەوەی دیموکراسی. ئەم گۆڕانکارییە مەترسیدارە، وا لە هاوڵاتییان دەکات بپرسن: ئایا پەرلەمانێک کە نەتوانێت بەرگری لە بژێویی خەڵک بکات، سنوورێک بۆ گەندەڵی دابنێت و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بکات، تەنها شوێنێکی مێژوویی و ئاسەوارێک نییە بۆ بیرهێنانەوەی بیرۆکەیەک کە مێژووەکەی بەسەرچووە؟ کاتێک بینایەکی مەزن بە ملیۆنان دۆلار دروست دەکرێت بۆ ئەوەی تەنها هۆڵێکی چۆڵ بێت لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا، نیشانەی ئەوەیە کە دەسەڵاتداران بە ئەنقەست دەنگی گەلیان کپ کردووە؛

چونکە سیستەمێکی نا شەرعی، هەمیشە لە دامەزراوەیەکی بەهێز و سەربەخۆ دەترسێت. کۆتایی ئەم کارەساتە ڕێکخراوە، حەقیقەتێکی زەقمان بەڕوودا دەکێشێتەوە کە هیچ وتارێکی فەرمی ناتوانێت پەردەپۆشی بکات: پەرلەمانی کوردستان ئەوەندە مێژووە لە ئەرکە ڕاستەقینەکەی خۆی دابڕاوە و لە کار خراوە، کە کەمێکی تر لە جیاتی دەزگایەکی یاسادانان، دەبێت وەک ئاسەوارێکی مێژوویی سەیر بکرێت کە تەنها بیرەوەریی ناوهێنانی دیموکراسیی تێدا پارێزراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 147 Today: 1,531 📊 Click Here