محمد سيامند ئيمام
لەم وڵاتەدا، کاتێک بۆ ماوەیەکی کورت کارەبا نابڕێت، بەرپرسانی حکومەت وەها ئاهەنگ دەگێڕن و لێدوانی حەماسی دەدەن کە پێت وایە هەرێمی کوردستان گەورەترین داهێنانی سەدەی بیست و یەکی تۆمار کردووە یان تازە ئەدیسۆنیان دۆزیوەتەوە! کاتێک پڕۆژەکانی وەک “ڕووناکی” ڕاگەیەندران و بۆ چەند مانگێک گڵۆپەکان کەمێک زیاتر مانەوە، دەسەڵاتداران ئەمەیان وەک “گۆڕانکارییەکی مێژوویی” و سەرکەوتنێکی بێوێنە بەسەر تاریکیدا پێفرۆشتین. شاشەی تەلەفزیۆنەکان پڕ بوون لە پەخشان و هۆنراوە بۆ وەسفکردنی ئەم “موعجیزە”یە، وەک بڵێیت دابینکردنی کارەبا مافێکی سەرەتایی خەڵک نییە، بەڵکو خێر و سەدەقەیەکە کە لە ئاسمانەوە بۆمان هاتووەتە خوارەوە. بەڵام ئەم شانۆگەرییە کۆمیدییە زۆر خێرا کۆتایی هات و ئەوەی پێیان دەگوت “مێژوویی”،
تەنیا سێ مانگی خایاند، تا دیسانەوە شەپۆلی گەرما یان سەرما ڕاستییە تاڵەکەی بۆ ئاشکرا کردینەوە کە تاریکی هێشتا خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتەیە! تەنزە گەورەکە لەوەدایە کە دوای ٣٥ ساڵ لە حوکمڕانی و فرۆشتنی ملیارەها بەرمیل نەوت، گەورەترین دەستکەوتی ئەم حکومەتە تەنیا ئەوە بوو کە بۆ ماوەیەکی کورت سەلماندی: “بەڵێ، لە ڕووی تەکنیکییەوە دەکرێت کارەبا ٢٤ کاتژمێر بێت…
بەڵام تەنیا بۆ چەند مانگێک نەک بۆ هەمیشە!” ئەمە دانپێدانانێکی شەرمهێنەرە کە پێمان دەڵێت توانای تەکنیکی و دارایی هەیە، بەڵام ئەوەی نییە ئیرادەیەکی سیاسی و ئیدارەیەکی پاکە بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆژەکە. دەسەڵاتداران ویستیان بە سێ مانگ کارەبا، یادەوەریی دەیان ساڵ لە نەهامەتی و باجدانی خەڵک بسڕنەوە، بێئاگا لەوەی کە خەڵک زۆر باش دەزانێت ئەمە تەنیا ڤایگرایەکی کاتی بوو بۆ سیستەمێکی ئیفلیجکراو. لە کۆتاییدا، پڕۆژەی ڕووناکی و دروشمە بریقەدارەکان نەیانتوانی مۆەلیدە ئەهلییەکان لەناوببەن یان بیانکەنە مێژوو، بەڵکو گەورەترین کاریان ئەوە بوو کە تەنیا “پشوویەکی کورت”یان بە خاوەن مۆەلیدەکان دا بۆ ئەوەی پەرەیەک بە خۆیان بدەن، تا دیسانەوە بەهێزتر و بەنرخێکی گرانترەوە بگەڕێنەوە ناو ژیانی ڕۆژانەمان
