خوێندراوەتەوە: (101)

سەرۆكی پەڕلەمانی توركیا ڕایگەیاند: بە دەستبەرداربوونی پەكەكە لە چەك، توركیا بەمنزیكانە بە تەواوەتی دۆسیەی تیرۆر دادەخات. نوعمان قورتولموش سەرۆكی پەڕلەمانی توركیا ڕایگەیاند: بەمنزیكانە دوای ئەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە تەواوەتی دەستبەرداری چەك دەبێت و خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، لە ڕێی دەركردنی چەند یاسایەكەوە توركیا بە تەواوەتی دۆسیەی تیرۆر دادەخات. لە میانی چالاكییەك لەسەر شاخی جودی لە پارێزگای شێرناخ لە باكووری كوردستان، سەرۆكی پەڕلەمانی توركیا ڕایشیگەیاند: ئەم چیایە لەمڕۆوە دەبێتە زەوییەك كە ئاشتی و برایەتی و مرۆڤایەتی و دڵنیایی و داهاتووی لەسەر بنیات دەنرێت. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، قورتولموش كارەكانی لیژنە پەڕلەمانییەكەی تایبەت بە ڕەوتی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەی خستە ڕوو و ڕایشیگەیاند: لیژنەكە كە هاوینی ڕابردوو پێكهێنرا دوای ڕاوێژ ڕاپۆرتێكی سەركەوتووی ئامادە و پێشكەش كرد كە بووە نەخشەڕێگەی پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە. ئەو وتیشی: بە پشتیوانیی خودا كارەكانی ڕاپۆرتەكە بەر لە هاوینی ئەمساڵ كۆتایی دێت و دۆسیەی تیرۆر بەتەواوەتی لە توركیا دادەخرێت. سەرۆكی پەڕلەمانی توركیا ئاماژەی بەوەش دا كە هیچ جیاوازییەكی كەلتووری و باوەڕ نییە كە كورد و تورك لێك جیا بكاتەوە و هیچ شتێكیش نەوەكانی سەڵاحەددینی ئەییوبی كە مەبەستی كوردە لە نەوەكانی قلج ئەرسەلان و ئەلب ئەرسەلان سەركردەی سەلجوقییەكان لێك جیا ناكاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 55 Today: 85 📊 Click Here