خوێندراوەتەوە: (126)

حكوومەتی عێراق گێڕانەوەی زیاتر لە ترلیۆنێك و 359 ملیار دیناری لە ئۆپڕاسیۆنی هەڵمەتی بەرەبەیان ڕاگەیاند. حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ئاماری نوێی ئۆپڕاسیۆنی هەڵمەتی بەرەبەیانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند: تا ئێستا توانراوە پارە، دارایی و خانووبەرە بە بەهای زیاتر لە ترلیۆنێك و 359 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە. عەبودی ئاماژەی بەوەش كرد “دەستەی دەستپاكی زیاتر لە 26 هەزار هەواڵی گەندەڵی پێ گەیشتووە كە زۆربەیان لە كاتی دەستپێكردنی ئەم هەڵمەتەدا بوون”. وتەبێژی حكومەت وتیشی: سەرۆكوەزیران ڕاستەوخۆ چاودێریی دۆسیەكان دەكات و كار بۆ چاكسازیی دامەزراوەیی و بەدیجیتاڵكردنی سیستمەكان دەكرێت تا دەستێوەردانی مرۆیی و سەرانەسەندن كەم بكرێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد كە بەپێی یاسای پاداشتی هەواڵدەران، هەر كەسێك زانیاری لەسەر گەندەڵییەك بدات بڕی 5% لەو پارەیەی دەگەڕێنرێتەوە وەك پاداشت پێی دەدرێت. وتەبێژی حكوومەتی عێراقی ڕایشیگەیاند: ئەم جەنگە دژی گەندەڵی بەردەوامە و هیچ وەستانێكی تێدا نییە، چونكە گەندەڵی ڕێگرێكی سەرەكی بەردەم پڕۆژەكانی گەشەپێدانی وڵاتە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 80 Today: 2,029 📊 Click Here