ڕۆژی شەممە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری “F/A-١٨ Hornet” لە ناوچەیەکی شاخاویی ویلایەتی واشنتۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی دەوروبەری شوێنی ڕووداوەکە کەوتەوە. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕزگاربوونی فڕۆکەوانەکەیان پشتڕاستکردەوە، دوای ئەوەی توانیویەتی پێش كهوتنهخوارهوهی فڕۆکەکە بە پەرەشوت خۆی هەڵداتە خوارەوە.
فڕۆكهوانهكه بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو برینە سووکانەی پێی گەیشتوون، گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی پارێزگای یاکیما، ڕووداوەکە لە نێزیک دەریاچەی ڕیمرۆک ڕوویداوە، ئەمەش بووەتە هۆی گڕگرتنی بەشێک لە دارستانی نیشتمانیی ئۆکانۆگان-ویناتچی. زیانە ماددییەکانی فڕۆکەکە و شوێنی کەوتنەخوارەوەکە هێشتا بە تەواوی دیاری نەکراون. دوای ڕووداوەکە، تیمی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری ڕەوانەی ناوچەکە کران و وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیش گەشتیار و کەمپنشینانی ئەو سنوورە دوورخرانەوە. لە ئێستادا کۆپتەر و ئامێرە تایبەتمەندەکان بەشدارن لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری بۆ ناوچەکانی دەوروبەری.
