خوێندراوەتەوە: (92)

بەهۆی پاكتاونەكردنی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەری كە نزیك بە دوو ترلیۆن دینار دەبێت، عێراق سەرلەنوێ دۆسیەی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم هەڵ دەداتەوە و ئەگەرى هەڵوەشانەوەى مۆڵەتەکەى دەکرێت لە لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەڕمی، بەلاسیم سالم جەنابی سەرۆكی (ئەنجوومەنی ئەمیندارانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان) ڕایگەیاند: دەستەكەیان لە قۆناغی داهاتوودا زنجیرەیەك ڕێكاری جێبەجێكاری بەرانبەر كۆرەك تیلیكۆم دەست پێدەكات و وردەكارییەكانیشی لە داهاتوودا ڕادەگەیەنرێن. هەر لەوبارەوە، مونا محەمەداوی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ڕایگەیاند: هەموو بژاردە یاساییەكان لەسەر مێزن و چاوپۆشی لە مافەكانی دەوڵەت ناكەین و لیژنەكە هیچ ڕێوشوێنێك پەسەند ناكات كە زیان بە سامانی گشتیی یان بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بگەیەنێت. لای خۆیەوە، عەلی ئەنوەر عیسا شارەزای ئاسایشی تەكنەلۆجیای زانیارییش ڕاگەیاند: كۆرەك قەرزێكی زۆری لەسەرە و سەرەڕای پەنابردن بۆ دادگا، نەیتوانیوە شایستە داراییەكان بسڕێتەوە، بۆیە بڕیاری كۆتایی ئەوەیە دەبێت قەرزەكان بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو و بە قیست بداتەوە، بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكەی بۆ هەمیشەیی هەڵدەوەشێنرێتەوە و كۆمپانیای نیشتمانی لە بواری مۆبایلدا دەبێتە جێگرەوەی. بڕی كۆی گشتیی قەرزەكانی سەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە سیروان بارزانی برازای مەسعوود بارزانی سەرۆكی پارتی خاوەندارێتیی سەرەكیی دەكات، نزیكەی 2 ترلیۆن دینار، واتە نزیك بە 1.5 ملیار دۆلاری ئەمریكییە و سەرەتاكەی بۆ ساڵانی 2007 تا 2023 دەگەڕێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 67 Today: 1,990 📊 Click Here