لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ھەرێمی کوردستان ئامانجی ١٣ دڕۆنی ھێرشبەر بووە کە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازیان بۆردوومان کردووە و ١٢ دڕۆنیان ئاراستەی پارێزگای هەولێر و یەک دڕۆنیش ئاراستەی پارێزگای سلێمانی کراوە، ھەندێک دڕۆنیش پێش گەیشتن بە ئامانجەکەیان، تێکشکاون. بەپێی زانیارییەکان، لە ٢٤ کاژمێری ڕابردوودا ٣ دڕۆن شاخی باواجی و شاخی ھەیبەت سوڵتان لە کۆیە کردووتە ئامانج و بەھۆیەوە ئاگر لە پووش و پاوانی ناوچەکە کەوتەوە، ھەروەھا ٤ دڕۆن ئاراستەی بارەگاکانی پارتی ئازادی کوردستان کراوە لە ھەردوو بنکەی دێگەڵە و دارەشەکران، ھاوکات شەوی ڕابردوو ٣ دڕۆن لە دۆڵی ئالانەی کردووەتە ئامانج و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی خەلیفان و یەک دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی ھەولێر و سەر کۆمەڵگای سێبیران تێکشکاوە و خراوەتە خوارەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانی ئەمڕۆ بە دڕۆنێک ھێرش کراوەتە سەر ناحیەی تەگەران لە قەزای شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی و دەوترێت شوێنەکە چەک و جبەخانەی لێ بووە. تا ئێستا لە ھێزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان ھیچ ئامار یان زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بەو ھێرشانە بڵاونەکردووەتەوە. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٢٨ی شوباتەوە تا ئێستا بە ٩٣٤ دڕۆن و مووشەک ھێرش کراوەتەسەر ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەک پارێزگای ھەولێر ٦٤١ ھێرش، سلێمانی ٢٦٠ ھێرش، دھۆک ٣١ ھێرش و ھەڵەبجەش دوو ھێرش بووە.
