وەك بڕیار بوو، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پێشنیازەیاسای خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ كرد. ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان تایبەت بە ڕایگەیاند: ئێمە چەند تێبینییەكمان لەسەر بابەتەكە هەیە لەوانە تێبینی دارایی و هەروەها لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان جەنگەكان زیاتر بوونەتە جەنگی تەكنەلۆژی، نەك مرۆیی. ئەندامێكی كوردیش لە لیژنەی بەرگری و ئاسایش بە هەمان شێوە ڕایگەیاند: من خۆم پێم وا نییە ئەو پێشنیازەیاسایە پەسەند بكرێت. ئەو وتیشی: ئێمە دواتر هەر تێبینی و سەرنجێكمان هەبێت كە پەیوەست بێت بە هەرێمی كوردستان و كورد و هەرێمی كوردستانەوە دەیخەینە ڕوو.
