ساری سەلاح یونس
لەو دۆخەی کە قەڵەمە ئازاکان دەكرێنە ئامانج و دادگاکانیش دەبنە قەڵای پاراستنی گەندەڵکاران، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کێ دەبێت دادگایی بکات ؟ لە کاتێکدا دادگا لە خزمەت تاوانباراندایە.
تاریکترین قۆناغی مێژووی ڕۆژنامەگەری کاتێک دەست پێدەکات کە پیشەی نووسین و بەدواداچوون دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خاوەنەکەی,لە هەرێمی کوردستاندا,دۆخەکە لە سنووری بەربەست و هەڕەشە تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتووەتە قۆناغی کوشتن و خنکاندنی دەنگی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی پەردەیان لەسەر کەیسە گەورەکانی گەندەڵی هەڵماڵیوە, لێرەدا لەبەردەم کۆمەڵێک تاوانی گەورەدا کە حیزب و حکومەت خۆیان تێیاندا گومانلێکراو یان ڕاستەوخۆ هۆکارن، پرسیارە سەختەکە خۆی دەسەپێنێت: کێ لێپرسینەوە بکات، کاتێک دادگا و یاسا خۆیان لە خزمەت دەسەڵاتدا دیل کراون؟
کاتێک سیستەمی دادوەری سەربەخۆ نەبێت و دەسەڵاتی سیاسی و حیزبی بەسەر هەموو جومگە ئەمنی و قەزاییەکاندا زاڵ بێت، چاوەڕوانکردنی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بۆ بکوژانی ڕۆژنامەنووسان کارێکی مەحاڵە لەم دۆخەدا دامەزراوە فەرمییەکان نەک هەر تاوانباران سزا نادەن، بەڵکو زۆر جار هەوڵ دەدەن ڕووداوەکان بە ناوی «خۆکوژی» یان «ڕووداوی نەخوازراو»ـەوە بشێوێنن و فەرامۆشیان بکەن.
بەڵام مێژوو و ویژدانی کۆمەڵگە بە ئاسانی داڕزانی دادگاکان قبووڵ ناکات، کاتێک دادگای ناوخۆیی پەکیدەکەوێت، پڕۆسەی لێپرسینەوە دەگوازرێتەوە بۆ مەیدانی فشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسان، کە دەتوانن دۆسییەکان زیندوو ڕاگرن و ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ستەمکار لە جیهاندا رسوا بکەن. هاوکات، هاوپەیمانیی نێوان میدیا سەربەخۆکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ویژدانی شەقام، تاقە قەڵایە بۆ ڕێگریکردن لە سڕینەوەی یادوەریی ئەو شەهیدانە .
گەورەترین ترسی هەر دەسەڵاتێکی گەندەڵ ئەوەیە کە کۆمەڵگە بیر نەچێتەوە. هەرچەندە بکوژان لە سزای یاسایی کاتی هەڵبێن، بەڵام ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەپێناو خستنەڕووی حەقیقەتدا گیانیان بەخشیوە، وەک سیمبوولی نەبەردی دەمێننەوە و مێژووش لە کۆتاییدا حوکمی دادپەروەرانەی خۆی بەسەر ئەو سیستەمەدا دەسەپێنێت کە ڕێگری لە سەروەریی یاسا دەکات.
بۆ داهاتوو، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: چۆن دەکرێت دەنگی ناڕەزایی شەقام و کۆمەڵگە بکەینە هێزێکی کاریگەر بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بە ڕادستکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان بە دادگا؟
