هانتەر بایدن، کوڕی جۆو بایدنی سەرۆکى پێشووى ئەمریکا، ڕایگەیاند، باوکی (جۆو بایدن) تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستاتەو نەخۆشییەکەشى بە جەستەیدا بڵاو بوەتەوە و، بۆ ئێسکەکانی تەشەنەی سەندووە و ئازارێکی توندی پێدەگەیەنێت. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی پەخشکرا، هانتەر باسی لە دۆخی تەندروستی باوکی کرد و بە “زۆر خەمناک” وەسفی کرد. ئاماژەی بەوەدا کە شێرپەنجەکە گەیشتووەتە ئێسکەکانی و بەشەکانی دیکەی جەستەی، ئەمەش بووەتە هۆی ئازارێکی سەخت و لە زۆر ڕووەوە کاریگەریی نەرێنی خستووەتە سەر ژیانی ڕۆژانەی. بایدنی تەمەن ٨٣ ساڵ، کە بەتەمەنترین سەرۆک بوو لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥ و تەنها چوار مانگ دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی، تووشبوونی بە نەخۆشیی شێرپەنجە ئاشکرا کرد. پێشتریش خۆی و ڕاوێژکارەکانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند ببوونەوە بەهۆی بانگەشەی شاردنەوەی قەبارەی کێشە تەندروستییەکانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەهۆی دیبەیتەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ناچار بوو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بکشێتەوە. سەرەڕای سەختیی نەخۆشییەکە و نیگەرانییەکانی خێزانەکەی، هانتەر باسی لەوە کرد کە باوکی هێشتا چالاکە و بە ئاشکرا باس لەو پرسانە دەکات کە جێگەی بایەخن بۆی. بڕیاریشە بیرەوەرییەکانی خۆی لەژێر ناونیشانی “بەڵێنم پێ بدە ئەمریکا” بڵاوبکاتەوە.
