خوێندراوەتەوە: (257)

فراکسیۆنەکانی (کۆمەڵ، یەکگرتوو، هەڵوێست) لە پەرلەمانى عێراق ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر گرانیی سووتەمەنی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، دژ بە گرانکردنى سووتەمەنى دەست بە هەنگاوى کردەیى دەکەن و لێى بێدەنگ نابن. ئاماژەشیان بەوە کردووە، “ئێمە لە بەغداوە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی، دەستووری و پەرلەمانییەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و، سووککردنی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی خراوەتە سەر شانتان”. ئەمەش دەقى ڕاگەیەندراوەکە: بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەرسێ فراکسیۆنی (یەکگرتوو و هەڵویست و کۆمەڵ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر گرانی و بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و غازو سوتەمەنی. لە کاتێکدا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەدەست قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی مووچەو چەندەها گرفتی ئابورییەوە دەناڵێنن، بارگرانییەکی تری تاقەتپڕوکێن خراوەتە سەر شانیان، ئەویش بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین غازو سووتەمەنییە، ئەم دۆخە نەخوازراوە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر بژێوی ڕۆژانەی کاسبکاران، شوفێران و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. ئێمە وەک ئەم سێ فراکسیۆنە کوردستانییە لە بەغدا، پاڵپشت بەو متمانەیەی پێمان بەخشراوە، ڕایدەگەیەنین کە بەهیج شێوەک بێدەنگ نابین لە ئاست ئەم ستەم و نادادی و کەمتەرخەمییەی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی هەرێم دەکرێت، بۆیە بۆ ڕای گشتی ڕوونیدەکەینەوە کە ئەم هەنگاوانە دەگرینە بەر: یەکەم: هەموو هەوڵ و تواناکانمان چڕدەکەینەوە لەڕێی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەکان و سەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی نەوت و گرتنەبەری هەموو ڕێگایەکی یاسایی و ئیداری بۆ ڕێگریکردن لەم قۆرخکارییە ئاشکرایە، کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکات. دووەم: حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری یەکەمی ئەم گرانی و قۆرخکارییەیە کە لە بازاڕی سووتەمەنیدا هەیە، نەمانی شەفافییەت لە داهاتی نەوت و پاڵاوگەکان، باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێم دەیدەن. سێیەم: داوا ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکەین، بەپێی بنەماکانی دەستوور و هاوڵاتیبوون، پشکی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) لە بەنزینی کوالیتی بەرز و بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی (٤٥٠ دیناری) زیاد بکەن و، ڕێگا نەدەن هاوڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەکان. هاونیشتمانیانی بەڕێز.. ئێمە لە بەغداوە بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی سەرجەم کارتە یاسایی، دەستووری و پەرلەمانییەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بەم نادادییە و، سووککردنی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی خراوەتە سەر شانتان. فراکسیۆنەکانی: ــ یـەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ــ ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی ــ کۆمەڵی دادگەری کوردستان. ۲۷ی حوزەیرانی ٢٠٢٦

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 69 Today: 200 📊 Click Here