خوێندراوەتەوە: (21)

هێمن محمد ساڵح

لە تەواوی سیستمە حوکمڕانییە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکانی جیهاندا، بەهێزی و سەقامگیریی ڕاستەقینەی دەوڵەت بە ژمارەی سەرکردەکان، زۆریی بەیاننامەکان و قەبارەی دروشمە نیشتمانییەکان ناپێورێت، بەڵکو بە بوونی میکانیزمێکی یاسایی و دەستووریی توند دەپێورێت کە تێیدا هەموو بڕیار، گەندەڵی و شکستێکی سیاسی خاوەنی باج و سزای ڕاستەقینەیە؛ بەڵام کاتێک بە دیدێکی ڕەخنەیی لە واقیعی ئەزموونی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەڕوانیت، ڕاستییەکی تاڵ دەردەکەوێت کە تێیدا هەرێمەکە هەرگیز بەدەست کەمیی سەرکردە، نەبوونی وتارخوێنی لێهاتوو یان سیاسیی بەئەزموونەوە ناناڵێنێت،

بەڵکو کێشە پێکهاتەیی و کوشندەکەی بریتییە لە نەبوونی تەواوەتیی چەمکی لێپێچینەوە، سزای یاسایی و باجدانی شکست لە فەرهەنگی سیاسی و کارگێڕیدا. کاتێک سیاسەتمەدارێک یان بەرپرسێکی باڵادەست لە ئەرکە نیشتمانییەکانیدا تووشی شکستی فاشیل دەبێت، وەزارەتەکەی ئیفلیج دەکات، بودجەی گشتی بەهەدەردەدات، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا و ئاو پەکیان دەکەوێت یان بەڵێنەکانی کاتی هەڵبژاردن ژێرپێ دەنێت، ئەم شکستە ئاشکرایە نەک هەر نابێتە هۆی دەستلەکارکێشانەوەیەکی شکۆمەندانە یان لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لەلایەن داواکاری گشتی و پەرلەمانەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەرپرسەکە بەوپەڕی بێباکییەوە لەسەر کورسییەکەی دەمێنێتەوە و پارێزبەندیی حزبی پێ دەبەخشرێت بۆ ئەوەی پلەی کارگێڕیی باڵاتریشی پێ ببردرێت. لە غیابی لێپێچینەوەی یاسایی و چاودێریی دامەزراوەییدا، بەڵێنەکان بێبەها دەبن، گەندەڵی دەبێتە کلتوورێکی ئاسایی ڕۆژانە،

و دەسەڵاتداران بەردەوام دەبن لە دووبارەکردنی هەمان کارەساتی بەڕێوەبردن بە بێ ئەوەی ترسیان لە دادگا، پەرلەمان یان لێپرسینەوەی جەماوەری هەبێت، کە ئەمەش مەترسیدارترین جۆری بێسەروبەرییە کە جەوهەری دەوڵەتداری دادەڕمێنێت و جەماوەریش بەرەو بێئومێدییەکی کوشندە ئاڕاستە دەکات. لە کۆتاییدا، ئەم کلتوورەی بێباکی و بێسزایی، تەنها یەک پارادۆکسی تەنزئامێزمان بەڕوودا دەپەکێنێتەوە: لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا شکست کۆتایی بە کاروانی سیاسیی بەرپرسان دەهێنێت، بەڵام لە کایەی سیاسیی ئێمەدا، شکستخواردن دەبێتە شایستەیی و مەرجێکی نوێ بۆ ئەوەی بەرپرسەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی دیکە ببەستێت، پاساوی نوێ بهێنێتەوە، و بەڵێنی گەورەتر بە خەڵک بداتەوە!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 163 Today: 2,569 📊 Click Here